کۆبوونەوەی ئەندامانی ئەنجومەنی ڕژاک بەڕێوەچوو

سلێمانی – ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان- ڕژاک کۆبوونەوەی شەش مانگی ئەندامانی ئەنجومەنی خۆی ئەنجامدا و بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش ئەنجام و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان هەڵسەنگاند.

دوێنێ یەکشەمە ١٥ی نیسان، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک کۆبوونەوەی شەش مانگەی ئەنجومەنی خۆی  بە بەشداری سەرجەم ئەنجامانی ئەنجومەن لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، لە بارەگای ناوەندی ڕێکخراوەکە لە شاری سلێمانی  ئەنجامدا.

شەهێن محەمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ڕژاک لەو بارەیەوە وتی: “لە کۆبوونەوەکەمندا باسی زۆر تەوەرمان کرد، کە گرنگرنگترینیان ڕێکخستن کردنی ژنان بوو، کردنەوەی دەروازەی ئازادی بوو بە ڕووی ژنان دا، چونکە پێمان وایە بە رێکخستن نەکردن و هۆشیار نەکردنەوەی ژنان جارێکیتر قوڵکردنەوەی کۆیلایەتی سەر ژنانە لە کونجەکانی مال و تەنانەت دام و دەزگا حکومیەکاندا.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان بە تێروتەسەلی دۆخی ناوچەکە و کاروخەباتەکانیان هەڵسەنگاندوە، هەروەها وتیشی: “سەرەڕای هەموو ئەو کاروخەباتەی رێکخراوەکەمان لە پێناو ئازادی ژنان دەیکات، بەڵام وەک پێویست نەبووینەتە وەڵام لە بەرامبەر ئەو دۆخەی ژنان لە هەموو بوارەکاندا تێیدا دەژین. بۆیە وەک کەموکوڕیەک لە دەستگیرا و بڕیار درا لەسەر ئەوەی وەک کاری سەرەکی ڕژاک لەناو کۆمەڵگەدا کار بۆ ئەوە بکەین کە بگەین بە هەموو ژنان. بێگومان پەروەردەش ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە زیندووکردنەوەی دۆخی تێکۆشانی ژنان و بەڕێکخستن کردنیان. پەروەردەکانیشمان لەسەر ژنۆلۆژی دەبێت وەک دەزانرێت کتێبەکەشی کەوتۆتە بەردەستی خوێنەران. بۆیە بڕیارمانداوە لە هەر شار و شارۆچکەیەک سێ قۆناغی پەروەردە بەڕێوەببەین. هەروەها خولێکی پەروەردەی ناوەندی بۆ ژنان.”

لە بەردەوامی قسەکانیدا شەهێن محەمەد ئەوەشی خستەڕوو کە ئەوان لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا بڕیاریان لەسەر ئەوەشداوە، ناوی سەرجەم ئەو ژنانە بە ئەرشیف بکرێت کە ڕووبەڕووی توندتیژی بوونەتەوە و ناوەکانیان لە کۆنفرانسێکدا ئاشکرا بکرێت. جەختیشی کردەوە: “وەک ڕژاک بریارمان دەستپێشخەری زیاتر بکەین بۆ پڕۆژەی سەربەخۆی ئابوری ژنان، هەروەها ئەنجامدانی خەباتی هاوبەش لەگەڵ ژنان لەناو ڕێکخراوەکانی ژنان و ژنانی ماڵەوە. هەروەها هەوڵ دەدەین زۆرترین کار و چالاکی ئەنجام بدەین کە بکەوێتە خزمەت ژنان.”

ڕووناک مەجید، لە ڕێکخستنی ژنانی ناو تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، یەکێک بوو لە بەشداربوانی کۆبوونەوەکە و ئەویش باسی لە هەڵسەنگاندنی ئەو کێشە و ئاڵۆزیانەی ژنان کرد کە لە کۆبوونەوەکە باسیان لێوە کراوە. ناوبراو وتی: “ئەمڕۆ لە هەموو ناوچەکانی باشوری کوردستان بەبەشداری ئەندامانی ئەنجومەنی ڕژاک  کۆبوونەوەی هەڵسەنگاندنی کاروخەباتی شەش مانگ بەڕێوەچوو. بە هەموو شێوەیەک هێرشەکانی سەر ژنان لە کۆبوونەوەکەماندا باسیان لێوەکرا. بارودۆخی باشوری کوردستان و ئەو سیاسەتەی دەسەپێنرێت تاوتوێ کران.”

ناوبراو ئەوەشی خستە ڕوو کە بە درێژایی مێژدوودا ژنان قوربانی شەڕ و ئاڵۆزیەکانن وتیشی: “گەر سەرنج بدەین ژنان لە ئەنفالەکاندا بە هەموو شێوەیەک زیانیان بەرکەوت، ژنان وەک کۆیلە فرۆشرانە وڵاتە عەرەبیەکان، دەبینین هێشتاش ئەو ئەقڵیەتە بەردەوامە ژنانی شەنگالیش بە نمونە.

ڕۆناک مەجید سەرنجی ڕاکێشایە سەر توندوتیژی و زیادبوونی ڕێژەی خۆسوتاندنی ژنان ڕاشیگەیاند: “ژنان ناچار دەکرێن بە چەندین جۆرەوە تا خۆیان بسوتێنن، ئەوەش دەرئەنجامەکان پێمان دەڵێن، تاکو ئێستا ڕێکخراوەکان نەتانتوانیوە ژنان خۆیان بەرێکخستن بکەن، تا ژنان خۆشیان بەرێکخستن نەکەن ناتوانن بە هیچ شێوەیەک خۆیان بپارێزن و بە سەربەستی و ئازادی بیربکەنەوە. لە کۆبوونەوەکەماندا تاوتوێی ئەوەمان کرد کە هەلومەرجێک بۆ ژنان بئافرێنین کە ژنان بتوانن بە شێوەیەکی ئاسان هەبوونی خۆیان بسەلمێنن لە باشوری کوردستاندا.”

هەروەها مهاباد فایەق، ئەندامی ڕێوەبەری ڕژاک لە گەرمیانەوە وتی: “هەروەک دەبینین لە باشوری کوردستان ڕەوشێکی سیاسی ئاڵۆز بەڕێوەدەبرێت، ئەو دەسەڵاتەی لە باشوری کوردستان دەسەپێنرێت، ئەو دەسەڵاتەیە کە لە بەغدادەوە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکرێت. دەبێت ئەو سیاسەتە جیاوی بە خۆیانەوە ببینن. پەکخستنی پەرلەمان دەرئەنجامی سیاسەتێکی ناوەخۆ و دەرەوەیە کە لەسەر گەلی کورد بەڕێوەدەچێت. ئەو بڕیارانەی لە هەولێرەوە لەلایەن پارتیەوە دەدرێن هەمان ئەو سیاسەتەیە کە لەلایەن ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەسەپێنرێن و پارتیش بەسەر گەلی کورد لەم بەشەی وڵات دەیانسەپێنێت. هەمان ئەو سیاسەتەی لە سەر کوردانی باکوری کوردستان بەڕێوەدەچێت.”

ناوبراو لە بەشێکیتری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە باشوری کوردستاندا سیاسەت هیچی بۆ ژن نەهێشتۆتەوە و پێی وایە نابێت ژنان خاوەن هیچ رۆڵێک بن، بەڵام دەبینین لە بەشەکانیتری کوردستان ژنانی شەڕڤان ئەو ئەقڵیەتەیان تێکشکاندوە.”