کوردستان وتی ” نا”

نەجیبە قەرەداغی

ریفراندۆم لە تورکیا وەک ئەردۆغان پلانڕێژی بۆ کردبوو ئەنجام درا، ئەنجامەکانی تەنیا پەیوەندی بە ناوخۆی تورکیاوە نیە، بەڵکو سەرەتای پرۆسەیەکی نوێ دەبێت و پرۆسەیەکی زۆر سەخت و دژوار نەک تەنیا بۆ تورکیا بۆ تەواوی هەرێمەکە، پرۆسەیەک کەمتر نابێت لەوەی عێراق و سوریا. گفتوگۆ کردن لەسەر داخۆ سیستەم لە تورکیا چۆن لە پەرلەمانیەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆکایەتی، لە دەستوردا چی دەگۆڕێت و وردەکاری چی لەگەڵ خۆی دێنێ؟ گفتوگۆیەکە تەنیا بۆ پەردەپۆش کردنی دیمەنە راستیەکە. لەوە زیاتر تورکیا لە دۆخی سیاسی دا نەک یاسایی کەوتۆتە سەر رێیەکی بێ گەڕانەوە.

مەبەستەکەم بە قسەیەکی هنری بارکی بەرێوەبەری بەرنامەی رۆژهەلاتی ناوین لە دەزگای ولسنی ئەمەریکی ڕوون دەکەمەوە ” ئەردۆغان دەبێ ئەرێ بەدەست بێنێت لە ریفراندۆم دا”. ئەوە بێگومان ئەگەر دەستنیشانکەریش نەبێ بەڵکو ئاماژەیەکی ناوەندەکانی تیۆری سەرمایەی نێونەتەوەیین لەسەر ئەو پرۆسەیەی ئەگەری هەیە لە تورکیا دەستپێبکات. هەندێ لەوانەیە پێیان وابێت ئەمە لێکدانەوەیەکی ئیدۆلۆژیەکە، بەڵێ رێک وایە چونکە گەڵایەکی داریش لەم جیهانە و بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوین نالەرێتەوە بێ بوونی دیدێکی ئایدۆلۆژی. ئەو کاتەی لە هەڵبژاردنی ٧ حوزەیرانی ٢٠١٥ کە هەدەپە بۆ جاری یەکەم بەربەستی هەڵبژاردنی%١٠ ی تێپەراند و لەسەدا %١٣ ی دەنگەکانی بردەوە، هەرکەس باسی سەرکەوتنی هەدەپەی دەکرد، لەگەڵ ئەوەی کە رێژەکە لە چاو ئەوانەی دیکەدا کەمتر بوو. هەمان کەس تەنیا هەفتەیەک بەر لەو هەڵبژاردنە وتی ” ئەنجامی هەڵبژاردن هەرچیەک رۆژانی سەخت چاوەرێی تورکیایە و ئەردۆغان وەک باڵاترین دەسەڵات لە پایەی بڕیاری سەربازی دا هەموو هێزی خۆی بەکاردێنێ لە دژی نەیارەکانی”. هەرواش بوو، ڕوداوەکانی دوای ٧ حوزەیران لە مێژووی تورکیا دڕندەترین و سەختترین قۆناغ بوون . جا تورکیایەکی ئارام و دیموکراتیانە و بە ئاشتیانە چارەسەرکردنی کێشەکانی کەی بەکەڵکی هێزەکانی سەرمایەی جیهانی دێت، لە کاتێکدا کە سەرقاڵی شەڕی دیزاین کردنەوەی رۆژهەلاتی ناوینن؟. قوڵکردنەوەی قەیران و بەرێوەبردنی سیاسەتی تاودانی ئەردۆغان و توند و تیژی زیاتر، تا بلێی بەکەڵکی ئەرۆدغان دەهات کە دەستی لە دوایین قۆناغەکانی حوکمڕانی دا بەهێز بکات و زەمینەی زیاتر بۆ هێزی نێونەتەوەیی بکاتەوە کە سیاسەتی خۆیان بەو پێیە دارێژنەوە.

بۆ ئەوەی دەنگی ” بەلێ” لە ڕیفراندم دا نیشان بدات ئەردۆغان شتێک نەما نەیکات. لە ملکەچکردن بۆ مەهەپە، کۆنترۆڵکردنی هەموو جومگەکانی دەوڵەت بە زۆرەملێی و هێز، بە داعشکردنی کەش و ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە، وێرانکردن و تەختکردنی شار و گوند لەگەل زەوی دا و تاودانی شەپۆلی شۆڤێنیزم و فاشیزم لە تورکیا و شارە گەورەکانی ئەوروپا. لە کەشێکی وەها دا کە هێزی میدیا، ئابوری و سەربازی مۆنۆپۆل کردبێ جیا لە ئامار و ژمارە چەند دەتوانێ ریفراندۆمێکی تەندروست و دیموکراتی بێت؟. خۆ بە خۆ ریفراندۆمەکە بۆ بونیادنانی سیستەمێکی دکتاتۆری دەکرێت و قسە کردن لەسەر ” بە دیموکراتیانە بەرێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆم” مایەی پێکەنین و گاڵتەجاڕیە. ئەردۆغان بە زۆرەملێی، دزی، تاڵانی دەیەوێ رەوایی بۆ سیستەمێکی دکتاتۆریانە وەرگرێت. ئەو پرۆسەیە تەنیا بۆیاخێکە بۆ خەڵەتاندنی رای گشتی دەنا ئەرۆغان لە ١١ ساڵە هەنگاو بە هەنگاو لە ژێر چەتری بێدەنگی نێونەتەوەیی دا سەرقاڵی دامەزراندنی سیستەمەکەیەتی. ئەردۆغانێکی کە پەرلەمان و فرۆکەخانەی وڵاتەکەی خۆی بۆردومان بکات دەتوانێ بۆ کورسیەکەی خۆی هەموو شتێک بکات، ئەمە کارێکتەری دوایین دکتاتۆر و فەریکە دکتاتۆرەکانی هەرێمەکەمان و تەنانەت جیهانیشە کە بە پۆپیلیزم بەسەر مەردیوانی “پێپلیکانە”ی دوایین قۆناغی دەسەڵاتیاندا سەردەکەون.

لێرەدا شرۆڤەی ئەوە ناکەم کە ئەرۆغان بە دەستوری نوێی هەموارکراو دەیەوێ چی بکات، چونکە ئەو ناتوانێ شتێکیش بکات جگە لەو مەیدانەی کە بۆ خۆی دروستکردووە، بەڵام لە دەرەوەی مەیدانەکەی ئەو زۆر شتی دیکە هەیە بەتایبەتی لە کوردستان. جارێ ئەنجامەکانی ئەو ریفراندۆمە گاڵتەجاڕیە سەرەتای گێژاوێکی قوڵتر و گەورەترە بۆ تورکیا، هەندێ پرس دەکەن کە پرسی کورد بەرەو کوێ دەچێت؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە پێویست نابینم مێژوو و چیرۆکی تێکۆشانی ٤٠ ساڵەی بزوتنەوەی ئازادی و پەکەکە بە بیر بێنمەوە کە چۆن لەبەرامبەر ئەو دەوڵەت تۆتالیتارە نێونەتەوەیی و دڕندەیە بەرخودانی کردووە، تەنیا چەند ڕستەیەکی گرنگ و مێژوویی رۆژنامەوان و نوسەر فوئاد کاڤ لە کۆنفرانسی ” ئالەنگاری لەبەرامبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، هێنانە ئارای مۆدێرنیتەی دیموکراتی ، بەرخودان، یاخیبوون و بونیادنانی نوێ” لە رۆژانی ١٤-١٦ی نیسانی ٢٠١٧ لە زانکۆی هامبۆرگ ئەنجام درا، بە بیری دێنمەوە کە لە بابەتەکەی دا بە ناوی ” توند و تیژی و تیرۆری دەوڵەت و چۆنێتی هەڵایسانی شۆرش ” وتی : ” لە قاوشی ژمارە ٥ ی زیندانی ئامەد کە ساڵانی ٨٠ کان دا ئەشکەنجەکارەکان رۆژانە پێیان دەگوتین دەبێ تەسلیم ببن، ئێمەش بە هەڵوێستمان لەبەرامبەر دەوڵەت دەمانگوت بەرخودانی دەکەین، ئەو بەرخودانەش بە واتای دابڕان بوو لە دەوڵەت ، ئەوەی بن کەوت لە زیندان دەوڵەت بوو ئەوەشی سەرکەوت ئەو رۆحی بەرخودانەیە و ئێستاش گەلی کورد لە رووی رۆحیەوە لە دەوڵەت دابڕاوە”.

تەنیا وەڵامی کۆمەڵگە لەبەرامبەر ئەردۆغان لە مەیدانەکانی نەورۆز و ئەنجامەکانی ئەو ریفراندۆمە لە کوردستان بە ئاشکرا ئەو دابڕانە لە دەوڵەت نیشان دەدات. ئەردۆغان لە کوردستان بن کەوت و هەر ساڵ زیاتر ئەو دابڕانە قوڵتر دەبێتەوە. ئەوانەی بە ئامار و بە ژمارە راستیەکان ئاوەژوو دەکەنەوە، کوردستان لە بوونی تەنیا کورد و کوردی ڕێکخستنکراو کورت دەکەنەوە کە ئەوە خۆی لە خۆی لە میتۆدی بیرکردنەوەدا کێشەیەکی گەورەیە. لەباکوری کوردستان سەدان هەزار سەرباز، پۆلیس، دەزگای دەوڵەت و بنەمالەکانیان، هێشتاش ٧٠ هەزار جەردەوان و ڕێکخراو و دەزگای دیکەی دەوڵەت هەن. ئەردۆغان ” نا”کانی دەرەوەی ئەم دەزگا و دامەزراوانە نیشانەی بن کەوتنی ئەردۆغانە ، ئەوەش هۆکارەی سەرەکی هاربوونێتی.

لەگەڵ هێندە فرت و فێڵ، سوتاندن و دزینی دەنگ، هەڕەشە و هێرش و توند و تیژی، ئەنجامدانی ریفراندم نیشانی دەدات کە ئەردۆغان لەو پرۆسەیە و لە بە زۆرەملێی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەدا بن کەوتووە. ئەوەی کە لە ئێستا بە دواوە ڕووەدات قوڵبونەوەی گێژاوی تورکیایە و ئەو گێژاوەش زیاتر لە مەترۆپۆلەکانی تورکیا ڕوودەدات و ئەرۆدغان هەوڵی پاکتاوکردنی مەهەپە و جەهەپەش دەدات. مەهەپە لەبەرئەوەی تەنیا کاری پێی هەبوو بۆ سەرخستنی ئەو پرۆسە گاڵتەجاریە، جەهەپەش لەبەرئەوەی کە نەک خۆی بەڵکو بنکە جەماوەریەکەی ئاستەنگە لەبەردەم بە ئارام مانەوەی کەشی تورکیا.

ئەوەی لە هەمووی گرنگترە “نا”کانی کوردستانە لەبەرامبەر ئەردۆغان و رژێمە دکتاتۆریەکەی و  هاوکارەکانیان کە دەیانگوت” پەکەکە لە باکوری کوردستان ئیتر نەخوازراوە”. “نا”کانی کوردستان نەک تەنیا وەلامێکی جدی و مێژووییە بۆ سیاسەتە تاکانەییەکانی ئاکەپە بەڵکو ئەرێکردنی هەنگاو بە هەنگاو خۆبەرێوەبەری دیموکراتیە. بە بەرخودان و تێکۆشانێکی کەموێنەی زیندانی ئامەد، کۆمەلگە و ژنانی کورد دەوڵەتیان هاویشتە زبڵدان، ئێستاش هەنگاو بە هەنگاو خاوەنداری لە بەها دیموکراتیانەکانیان دەکەن. “نا”کانی کوردستان خاوەنداریە لە بەرخودانەکانی خۆسەری گەلی کورد و مۆدێلی بزوتنەوەی ئازادییەکەی لە باکوری کوردستان بە تایبەتی لە بەرخودانە مێژووییەکانی سور، جزیرە، نوسێبین و گەڤەر، بچوکترین ئەنجامیشێ ئەو “نا” یانەیە لە سندوقەکاندا هاتنە دەرەوە.