ژنان بە نەمام ناشتن رۆژی ژینگەیان بەرێکرد

سلێمانی – ژمارەیەک لە ژنانی شاری سلێمانی ئەمرۆ بە بۆنەی ڕۆژی ژینگەوە چالاکی نەمام ناشتنیان ئەنجامدا.

ئەمڕۆ، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی ژینگەی کوردستان، لە شاری سلێمانی چەندین چالاکی جۆراوجۆر لەلایەن تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، ژینگەپارێزان، کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و ڕێکخراوی گەشەپێدانی کۆمەڵگەی مەدەنی (CDO) و کوردستانی سەوزەوە ڕیزە چالاکی جۆربەجۆر ئەنجام دران.
یەکێک لەو چالاکیانە کە لەلایەن تۆڕی هاوبەشی رێکخراوەکان ئەنجامدرا، بریتی بوو لە ناشتنی نەمام لە زانکۆی سلێمانی.
لەو بارەیەوە مامۆستا نیاز محەمەد وتی: “گرنگە نەوەکانمان ڕابێنین لەسەر پاراستنی ژینگە. ئەمڕۆ ڕۆژی ژینگەیە، لە کوردستان یەکەم جار لەو ڕۆژەدا مادەیی کیمیاوی لە بەرامبەر گەلی کورد بەکارهێنرا هەر بۆیە وەک ڕۆژی جیهانی ژینگە دەستنیشان کراوە.
لای خۆشیەوە پەروین حەسەن ئەندامی ڕژاک و ئەندام لە تۆڕی هابەشی ڕێکخراوەکان ئاماژەی بە گرنگی ئەو ڕۆژەداو وتی: “وەک ژنان لەو ڕۆژەدا دەستمان بە ناشتنی چەندین نەمام کرد لە کۆلێژی بنەڕەتی زانکۆی سلێمانی. بە سەوزکردنی کوردستان دەتوانین خزمەتی زیاتر بکەین. دەتوانین ئایندەیەکی هەمیشە سەوز و سروشتێکی جوان بونیادبنێین.”