ڕەنگدانەوەی سەربەخۆی ئابوری لەسەر ئازادی ژن

ویژدان نورەدین نەجمەدین

ئازادی بە گرنگترین پێویستەكانی تاك دادەنرێت تاكو داهێنان بكات و ئەو كۆمەڵگەیەی تێیدا دەژیت بەرەوپێش ببات، ئازادی واتە توانای تاك لە بڕیاردان بەبێ بونی هیچ مەرج و زۆرلێكردنێك، واتە ئازادبوون لەو بەربەستە مادی و مەعنەویانەی كە سنور بۆ تواناكانی تاك دادەنێن. ئازادی تاك واتە ئازادی قسەكردن و دەربڕینی بیرو بۆچونی كەسی، هەڵبژاردنی شوێنی ژیان و كاركردن. ئازادی پرنسیپێكی سەرەكییە  لەكۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، پێویستە بەدیبهێنرێت و پارێزگاری لێبكرێت، ئەمەش بەوە دەبێت كە بایەخی تەواوی پێبدرێت لەلایەن ئەو كەسانەی كە گرنگی بە كاروباری گشتی و كۆمەڵگە دەدەن.

پێناسەیەكی كورت بۆ چەمكی ئابوری لە ڕەهەندێكی پەیوەست به‌ بابه‌تەكەمانەوە دەكەین دەتوانین بڵێین كە ئابوری بریتیە لە دەستوری ماڵ و ڕێسای بەخێوكردنی ماڵە بە مانا یونانیەكەی، لەبەرئەوەی لێرەدا باس لە بابەتی ئابوری و ژن دەكەین و كاریگەری هەریەكەیان لەسەر ئەوەی دیكە لە مه‌ڕ ئازادبونیان و دەرئەنجامی ئەو ئازادبونە هه‌یه‌، چەمكی (ئیكۆنۆمۆس) كە بریتیە لەو كارانەی كە ژن ئەنجامی دەدات لەبواری ئابوری.

لە كاتێكدا كە ژنان بە ڕێژەیەكی زۆری پێكهێنانی دانیشتوانی گۆی زەوی دادەنرێت و لە بواری ئابوریشدا ژنان ڕۆلێكی گرنگیان بینیوە بەڵام بەشداریكردنیان لە چالاكی ئابوری و پەرەپێدانی زۆر كەمترە لەو ئاستەی كە چاوەڕێ‌ دەكرێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی لەسەر ئابوری جیهان و ژنان هەیە لەگەڵ ئەو پێشكەوتنانه‌ی كە لەم دەیەی دوایدا رویداوە بەڵام تاكو ئێستا بازاری كار لە هەموو ناوچە جیاوازەكانی جیهاندا لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی دابەش بووە.

ئەو بەرەو پێشچونەی كه‌ لە ڕەوتی یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز ڕویداوە لە بواری ئابوریدا پەكیكەوتوە، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە كە بەشداریكردنی ژنان لە بازاڕەكانی كاردا بە بەراوردكردن لەگەڵ پیاواندا لە ئاستێكی نزمدا دەبینرێت، زۆربەی ئەو ڕەنجەی ژنان دەیدەن لە بواری ئابوریدا نابینرێت، ئەمە بەڕونی لە كەرتی كشتوكاڵی هەستیپێدەكرێت، لە كاتێكدا كشتوكاڵ بە بەردی بناغەی شارستانیەتی مرۆڤایەتیە، بە بەرهەمی بیری ژنان دادەنرێت، ئەمەش مانای وایە كە بیری ژنان لە بیری پیاوان تیژتر بوە، هاوكات ژنان گیرۆدەی هیچ بەندێك نەبون و شتێك نەبوە پێی بوترێت خێزان، هیچ پیاوێك منداڵی خۆی نەناسیوە بۆیە تاكو ئەو منداڵە لە خەم دەڕەخسا بەكۆڵی دایكیەوە بوەو هەرئەویش سەرچاوەی بژێوی بۆ دابینكردوە، بۆ ئەم مەبەستە بە دوای بەروبومی درەخت و ڕوەكەكاندا گەڕاوە. ئەمە ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات كە ژنان پێش پیاوان كشتوكاڵیان ناسیوە.

لە گەڵ بەرەو پێشچونی سیستەمی ئابوری بەرهەمهێنان و بازار لەگوندەكان ڕێگەیان بە ڕۆڵگێڕانی ژنان لەم بوارەدا نەداوە، لەشارەكانیشدا بەهۆی زاڵبونی پیاوان بە شێوەیەكی ڕەها ژنان تەنیا وەك هێزێكی هەرزانی كار دەبینران، بەگرنگ نەزانینی ئەم ڕەنجەی ژنان لە نێو ماڵ و بەخێوكردنی منداڵەكانی بەیەكێكی دیكە له‌ ئاستەنگیەكانی بەردەم ژنان دادەنرێت، بەم چەشنە ژنان لەسەر خاك و مافی خۆیان بێگانە كراون و لەژێر چەتری رەحمی پیاواندا ماونەتەوە.

لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریدا سەرباری پەیوەستبونیان بە پیاوانەوە ژنان پارچەپارچەكراون و خراونەتە خزمەت ئەم سیستەمەوە ئەمە لەلایەك، لەلایەكی ترەوە ژنان وەك كەرەستەیەكی بەردەوامبوونی كۆمەڵگا لەڕوی ڕەگەزیەوە و وەچەخستنەوەوە تەماشاكراون، ئەو ژنانەی كە بەشێوەیەكی تاك لە سیستەمی ئابوریدا جێگا دەگرن جارێكی دیكە دەبنەوە قوربانی ئەو سیستەمە، هاوكات تێبینی ئەوە دەكرێت كە كاركردنی ژنان لە كەرتە ناڕەسمیەكاندا بەبەراورد لەگەڵ پیاواندا رێژەیان زۆرترە بەڵام ژنان ڕووبەڕووی جیاوازی زۆر دەبنەوە لەڕوی پێدانی كرێی كاركردن، ئەمەش قوربانیەكی دیكەی ژنانە كە لەمافی خۆی بێبەش دەكرێت.     

ئەگەر تەماشایەكی مێژووی ئابوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەین تێبینی ئەوە دەكەین كە بەشداری ژنان لەیەكە ئابوریەكاندا دووچاری تانەو تەشەری زۆربونەتەوە لە بازاڕەكانی كاردا، هەڵبەتە ئەمەش ڕێخۆشكەرێی دیكەیە بۆ سنورداركردنی كار لای ژنان و نەتوانن كارێك بكەن كە كرێكەی وەربگرن، هەر لە بەر ئەمە كە ژنان لە پۆستە باڵاكان و سەركردایەتی كردنی كاردا بە ڕێژەیەكی كەم دەبینرێت، ئەمەش كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازادیەكانی ژناندا، لەكاتێكدا ئابوری ئازاد ڕۆڵی گرنگ دەگێرێت لە ئازادی ژناندا.

بەڵگەكان ئەوە دەسەلمێنن كاتێك ژنان دەتوانن سەرجەم تواناكانیان لە بازاری كاردا بخەنە گەڕ دەرئەنجام گروتینێكی زۆر دەبەخشنە دەسكەوتە ئابوریەكان، بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەمەش لە توێژینەوەیەكدا كە ناونیشانی ( ژن و جیهانی كار ) لە ساڵی 2012 ئەنجامدراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەرزبونەوەی ڕێژەی بەشداربوونی ژنان لەهێزی كاردا بۆ ئاستی بەشداری پیاوان بە پێی هەروڵاتێك دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆ، بۆ نمونە لە وڵاتێكی وەك میسر رێژەی بەرز بونەوە دەگاتە 34%، هەمان توێژینەوە خەمڵاندنی كردوە كە لە سەر ئاستی جیهان بە رێژەی (865) ملیۆن ژن هەن كە دەتوانن بەشدارییەكی تەواو بكەن لە ئابوری نیشتمانیدا، لەم رێژەیە (812) ملیۆن ژن لە وڵاتانی جیهانی سێیەمدا و دواكەوتوەكاندان، هاوكات بەپێی داتاكانی بانكی دەولی بۆ ساڵی 2013 ئەوەی خستوەتەڕوو كە رێژەی ژنان لە هێزی كاردا لە هەندێك وڵاتانی وەك عێراق و ئێران و سوریا كەمترە لە رێژەی 10%، ئەم ئاستە نزمەی بەشداری ژنان لەیەكە ئابوریەكاندا هۆكارێكە بۆ زیاتر قەتیسكردن و پاشكۆخستنی ژنان  لەكۆمەڵگەدا، بەپێچەوانەوە بەرزبونەوەی ئاستی بەشداری ژنان لە هێزی كاردا دەبێتە هۆی بەهێزبونی كەسایەتیان و پشتبەخۆبەستنیان و پڕكردنەوەی داواكاریەكانیان لە ڕوی مادی و مەعنەویەوە. سەربەخۆی ژنان لە ڕوی ئابوریەوە یاخود ئازادی ئابوری ژنان هاوكاری دەكات كە لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن، هەڵبەتە ئەمە هەوڵو كۆششی زۆری دەوێت چونكە نمونەی ئەو چەشنە ژنانە لەكۆمەڵگە دواكەوتوەكاندا بەهۆی داب و نەریتی لەچوارچێوەكراو بۆ ژنان ڕەنگدانەوەیەكی نەرێنی دەبێت و دەبنە خاڵی ئامانج لای پیاوان، لەلایەكی دیكەوە ئابوری ناسەكان وایدەبینن كە سەربەخۆی ئابوری ژنان داهاتی خێزان بەهێز دەكات بۆ هەنگاونان بەرەو بەشداریكردن لە پرۆژەی بچوك و گەورە.

ئابوری ئازاد هاوكارێكە بۆ ژنان كە لە بڕیاردان ئازادبن سەبارەت بە لایەنەكانی ژیانی خۆیان، بۆنمونە خوێندن، پێكهانینی خێزان وهتد. ڕەنجدانی ژنان دەبێتە هۆی پێدانی قەوارەیەكی سەربەخۆ بە ژنان و پێدانی رێزێكی تایبەت لەلایەن خێزانەكانیانەوە، سەرباری ئەوەی ئازادی ئابوری ژنان بواری داهێنان دەڕەخسێنێت بە چەشنێك كە پێشنیاری باشترین بكات بۆ كۆمەڵگە.

بەهۆی ئەو دەرئەنجامە بە نرخەی لە مه‌ڕ ئەو ئازادییەی كە ژنان بە هۆی ئابوری ئازادەوە بە دەستی دەهێنن رێگە خۆشكەرێكە بۆ ئەوەی كە ژنان تێكەڵ بن بە كاری تایبەت و گشتی لە ڕوانگەی دونیابینیكی گشتیەوە، بەمەش هەوڵی خۆسەلماندن بدات لە ڕێگەی خەباتی نێو خێزان و دەرەوەی خێزان، و بەرپەرچی هەڵگرتنی هەرناسنامەیەك بدات جیا لە ناسنامەی خۆی، هەروەها  دوركەوتنەوە لە ڕوحی خۆپەرستی و دابڕان لە گۆڕانكاریە كۆمەڵایەتیەكاندا و دژ وەستان بەرامبەر هەر داب و نەریت و ڕێسایەك كە كەسایەتی كەم بكاتەوە و لە چوارچێوەیەك قەتیسی بكات.

لەكۆتایدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئێمەی ژنان پێویستمان بە شۆڕشێكە لە سەر ئاستی ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و سیاسی كە لە نێو كۆمەڵگەدا ئەنجامی بدەین، تاكوو دەرەنجامی ئەو شۆرشە ببێتە هۆكاری دەرخستنی هێزو تواناكانی ژنان سەبارەت بە بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، چونكە بەرەو پێشبردنەوه‌ی كۆمەڵگە بۆ بەرژەوەندی ژنان و پیاوان دەگەرێتەوە، بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو پرنسیپ و ڕێسایەیە كە ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشكەوتوەكان بە دیدەكرێت. ئەو پێشكەوتنە پشكی سەرەكی دەگەڕێتەوە بۆ بەگەڕ خستنی تواناكانی ژنان، هەروەها سود وەرگرتن لە كاری رێكخراوە جیهانیەكانی تایبەت بە ژنان بە چەشنێك لەگەڵ سروشتی پێشككەوتنخوازی كۆمەڵگەی ژنی ڕۆژهەڵاتدا بگونجێت.

سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە