نوگرە سەلمان دۆزەخێک بوو کەم کەسی لێی ڕزگاربوو

کەلار – ئەو ژنانەی لە نوگرە سەلمان گەڕاونەتەوە و کەسوکاریان ئەنفال کراوە، ساتەوەختەکانی سەختترین ژیان دەگێڕنەوە، یەکێک لەو ژنانەش ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆڵەکەی لە زیندان مردوە، بەڵام تا ئێستا حسابی گیراوێکی سیاسی بۆ نەکراوە.

ئەنفال ئەو زامە سارێژنەکراوەی ژنان و گەلی کورد بە گشتی بەدەستیەوە دەناڵێنن. ئەو ژنانەی لە شاڵاوی ئەنفالدا لە نوگرە سەلمان شایەتیان بۆ دڕندەترین کارەساتی ئەنفال کرد ڕایانگەیاند با لە ساڵیادی ئەنفالدا لە جیاتی قسەکردن، کارێک بکرێت دۆخی کەسوکار و قوربانیانی ئەنفال باشتر بکرێت.

نوگرە سەلمان ئەو شوێنەبوو كە لەسەر دەرگای چوونەژوورەوە نوسرابوو “بەخێربێن بۆ دۆزەخ” و لە سەر دەرگای پشتەوەش نووسرابوو”كەم هەڵدەكەوێت كەسێك سێ‌ مانگ لەم شوینەدا بمێنێتەوە”، بە پێی بەڵگەنامەكان ئازار و ئەشكەنجەدان لە زیندانی نوگرە سەلمان تا رادەی كوشتن بووە ئەمە جگە لە زیندە بە چاڵكردنی بە كۆمەڵی خەڵكەكە  مەرگی منداڵان.

لێرەوە و لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئەنفال، واتا لە ١٤ی نیسان ئەو ژنانەی لە ئەنفال ڕزگاریان بووە و لە نوگرە سەلمان ماونەتەوە باسی چیرۆکە تراژیدیاکانی خۆیان دەکەن، هاوکات ڕەخنەش لە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن کە تا ئێستاش بە شێوەیەکی جددی کاریان نەکردوە بۆ کەیسی ئەنفال و وەک پێویست هاوکاری کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالیان نەکردوە.

مریەم مەعروف یەکێک لەو ژنانەیە و بەو شێوەیە چیرۆکی پڕ لە تراژیدیای خۆی گێڕایەوە: “ئەو کات ئێمەیان بردە تۆبزاوە، دەوریان گرتین و هەموومانیان لەیەک جیا کردەوە، گەنجەکان ئەو ڕۆژ و ئەو ڕۆژ نەگەڕانەوە، ئێمەیان بردە نوگرە سەلمان، لە ڕێگادا باران دەباری، وتیان با بیانخەینە ئاو کە ئاوی سیروان بوو، بەڵام نازانم چۆن بوو ئێمەیان نە خستە ئاوەکەوە. شەوێک چووین تا گەیشتینە نوگرە سەلمان، لەوێش هیچ خواردنیان پێنەداین، ئەوەی هەندێک شتی لەگەڵ خۆی هێنابووبێت هەر ئەوەندە بوو. کاتێک گەیشتین هەر ئەو ڕۆژە ژنێکی بە تەمەن وەفاتی کرد، ٤ مانگێک لەوێ ماینەوە، هەر ڕۆژ چەندێکمان لێ دەمردن، هەر ڕۆژ چەند ڕۆڵەکانمان بە بەرچاوی ئێمەوە دەرخواردی سەگەکان دەکران، مردووەکانمانیان دەخستە ژێر تۆزێک خۆڵ و سەگەکان دەریان دەهێنا و دەیانخوارد. لەبەرچاومان پیاویان دەکوشت، ئاویان دەڕژاند بەسەرماندا. هەر ڕۆژ لە مردن دابووین، مردن زۆر خۆشتر بوو، خۆزگەمان دەخواست بمانکوژن.”

ئەو دایکە جگەر سوتاوە باسی لەوەش کرد، کە لە ئەنفالدا زۆرێک لە کەسوکاری نزیکی خۆی و ڕۆڵەکانی خۆی لە دەستداوە و وتیشی: “دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد بووم، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێم و وەک سواڵکەرمان لێهاتبوو. نان نەبوو بیخۆین دۆخی ژیانمان زۆر نا خۆش بوو، ئەوەش ماوەی چەندین ساڵ بەردەوام بوو، ئێستاش کوڕێکم هەیە هەرچەند تەمەنیشی پێنەگەشتوە، بەڵام پۆلیسە و بژێوی ژیانمان دابین دەکات.”

هەروەها فاتمە محەمەد ڕەحیم ژنێکیتری ڕزگاربووی ئەنفال و بەندکراوی نوگرە سەلمانە و لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال دا وتی: “من جاری یەکەممە قسە دەکەم بۆ ڕاگەیاندنەکان، چونکە من یەکێکم لەو ژنانەی حسابی کەسوکاری ئەنفال و زیندانیەکی سیاسیم بۆ نەکراوە. ئەنفال کرام لەگەڵ خانەوادەکەم، سەرەتا ئێمەیان بردە تۆبزاوە، دواتر ئێمەیان بردە دوبس و ماوەی چەندین مانگ لەوێیان هێشتینەوە، خۆشم زۆر بە مناڵی شوم کردبوو، بەڵام لە دوبس کچێکم بوو، دوای ئەوە ئێمەیان گواستەوە بۆ نوگرە سەلمان و کچەکەم دوای مانگ و نیوێک هەر لە برسان مرد. کۆمەڵ بە کۆمەڵ دەبران، کاتێک سواری سەیارە داخراوە سەوزەکانیان دەکردن، پۆلیسەکان کەلوپەلیان لەدەست فڕێدەدان و پێیان دەوتن قوڕ بەسەرتان چی لەو شتانە دەکەن، تەنها ئاو هەڵگرن و تا دەمرن دەمی خۆتان پێ تەڕکەن. هەر ڕۆژ ژن و منداڵان دەمردن، لە یادمە منداڵێک داوای خەیاری لە دایکی کرد، دایکی زۆر هاواری کرد، کەس خەیارێکی لا هەبێت پێی بدەن، وا کوڕەکەی دەمرێت، کەس نەیبوو، ناچار تاکە پێڵاوێکی خستە دەستی و کوڕەکەی مرد. دوای ئەوەی ماوەی شەش مانگیش ژیانی پڕلە دەردەسەری و نەهامەتی نوگرە سەلمانمان تێپەڕاند، ئازاد کراین.” بەڵام ئەوەی داخی لێدەخۆم، تا ئێستا هیچیان بۆ نەکردووین.”

فاتمە بە دڵی پڕلە حەسرەتەوە باسی لەوە کرد کە تا ئێستا هیچی بۆ نەکراوە، ئەو خوشک و براکەی ئەنفال کراوە، هاوژینەکەشی تاقانەی ئەنفالە، کچێکیشی لە برسان و نوگرە سەلمان مردوە، بەڵام لەلایەن وەزارەتی ئەنفال و کەسوکاری شەهیدانەوە هیچی بۆ نەکراوە.

فاتمە لەو بارەشەوە وتی: “چوم بۆ لای دەزگای ئەنفال و شەهیدان، پێیان وتم بچۆ شکایەت لە خەزورت بکە، ئینجا ئێمە شتت بۆ دەکەین، منیش پێم جوان نەبوو هاوژینەکەشم لەگەڵم هاوڕابوو، کە عەیبە پیاوێکی بەتەمەن بخەمە زیندانەوە بۆ پارە، بۆ دەبێت من کە زیندانی سیاسی بم و حسابی ئەوەم بۆ نەکرێت لە کاتێک کۆرپەی خۆم لەبەرچاوم لە بەرسان مردوە.”

لە کۆتایشدا فاتمە داوای کرد لە سالیادی ئەنفالدا لە قسەکردن و وتار خوێندنەوە زیاتر با کارێک بکرێت دۆخی قوربانیان و کەسوکاری ئەنفال کراوان باشتر بکرێت.