“لە هەرکاتێک زیاتر کوردان بەکاردەهێنرێن بۆ لێدان لە هزری کوردی”

سلێمانی – مامۆستا ویژدان نورەدین، دۆخی سیاسی ناوچەکەی هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، سیاسەتی دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان ناکۆکە لە گەڵ ڕاستینەی بەرخۆدانی گەلی کورد لە بەشەکانیتری کوردستان و تێکۆشانی ئازادیخوازی کورد.

ویژدان نورەدین مامۆستا لە پەیمانگای گەشەپێدانی مامۆستایان و چالاکوانی ژنان دواین بارودۆخی سیاسی ناوچەکەی بۆ سایتەکەمان هەڵسەنگاند و گرنگی تێکۆشانی ژنانی وەبیرهێنایەوە.

ویژدان نورەدین وتی: “ڕەوشی سیاسی باشوری کوردستان پەیوەندی هەیە بە سێ پارچەکەیتری کوردستان، چونکە کوردستان دابەشکراوە بەسەر چواردەوڵەت، لەبەر ئەوە بوونی هەر کێشەیەک لە هەرپارچەیەک کاریگەری هەیە لەسەر هەرسێ پارچەکەیتریشەوە. دەبینین لە باکوری کوردستان دۆخێکی تایبەت هەیە، چونکە سیاسەتی خاپورکردنی شارەکان و لەناوبردن لەلایەن سوپای تورکیاوە بەڕێوەدەچێت، ئەمەش بۆ لێدانی هزری و ڕەوشی نەتەوایەتی کوردیە لە باکور، دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و سیاسەتمەدارانیش لەو چوارچێوەیەیە.”

هەروەها لەبەردەوامی هەڵسەنگاندنەکانیدا وتی: “لە ڕۆژئاوا ڕەوشی کوردان بەرەو باشتر دەڕوات لە ئەنجامی ئەو دەسکەوتانەی کوردان بەدەستیان هێناون و یەکگرتن لەگەڵ بەشێک لە هێزە عەرەبیەکان و هاوپەیمانان. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بکەین جموجۆڵێکی سست بە دی دەکرێت. یان دەتوانین بڵێین کاریگەری خۆی دەرناخات.”

ویژدان نورەدین دۆخی ئێستای باشوری کوردستانیشی بەو شێوەیە هەڵسەنگاند: “دۆخ، پێگە و دەسەڵاتی کوردی لە باشوری کوردستان هەمیشە وای کردوە بێگانەکان چاویان بەوە هەڵنەیەت، بۆ ئەوە ئەم دەسکەوتانەش لەناو ببەن ، هەمیشە کۆمەڵێک ڕێگەیان گرتۆتە بەر، یەکێک لەوانەش، بەکارهێنانی بووە وەک چەکێک بۆ لێدان لە دەسکەوتەکانی بەشەکانیتری کوردستان، بەتایبەتیش باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. هێرشی سەر شەنگالیش لە چوارچێوەی ئەم پلانانە دژە کوردانە بوو. ئەوەی بەسەر هاوڵاتیانی ئێزیدی هێنرا، بۆ هەتا هەیایە لە بیری کوردان ناچێتەوە، هیچی کەمترنیە لەوەی کە ئەڵمانیا بەرامبەر بە جولکە و تورکیا بەرامبەر بە ئەرمەنیەکان کردوویەتی لە مێژوودا.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە توندوتیژی سەر ژنان لە هەرشوێنێک بێت لە ئەنجامدا هەر ژنە دەبێتە قوربانی، بۆیە هیچ جیاوازیەکی نیە. لە ئاست ئازاری ژنانی ئێزیدی دەبوایە هەر تاکێکمان لەناو هەوڵی ڕۆژانە دابووینایە. بێگومان ئەوەی لە سەر شەنگال بەڕێوەچوو، لە ئەنجامی ئەو بازنە داگیرکەریەیە کە پلانێکی ماوە درێژی بۆ دارێژراوە. هێرشەکانی ئێستاش بە ئامانجی لەبار بردنی دەسکەوتەکانی ئێزیدیەکان دەکرێن.”

لە بەشێکیتری وتەکانیدا ویژدان نوردین باسی لە پرسی کەرکوک  و کێشەی هەڵدانی ئاڵا کرد. ناوبراو وتیشی: “کاتێک ئەو ئاڵایە لە کەرکوک دادەگریا، دەبوایە سەرجەم هێزە کوردیەکان بە یەکگرتووی پێداگریان لەسەر ئەوە کردایە کە دەبێت ئەو ئاڵایە هەڵبدرێتەوە. دەبوایە وەڵامی دەسەڵاتی هەرێم بۆ تورکیا نەخێر بوایە و لە شکۆی ئاڵاکە کەم نەکرابایەوە. تورکیا پارتە کوردیەکانی باشوری سەرقاڵی بابەتێکیتر کردوە، تا ئێستاش ئەو پارتیانە نەیانتوانیوە ئامانجی سەرەکی خۆیان بپێکن. چونکە هیچ کات لە داگیرکەرانیان دانەبڕاون. “

ویژدان جەختیشی کردەوە: هەرێم خاکی هەموو کوردێکە، گەر ئەو کوردە خاوەن تێکۆشانی باکوری بێت یاخود بەشێکیتری کوردستان، بانگەشەکانی سەربەخۆییش بە هێزێکی دەرەکیەوە پاڵدەنرێن و ئامانج لێدانە لە هزر و هێزی کوردی و ئەمەش لە هەرکاتێک زیاتر دەکرێت.”

لە بەشێکیتری قسەکانیدا ویژدان نورەدین دووپاتی کردەوە کە ژنان لە هەموو جەنگ و ئاڵۆزیەکاندا قوربانی پلە یەکن لە ناوچەکەدا بۆ ئەوەش پێویستمان بە هێزی ئەڵتەرناتیڤی ژنانێک هەیە هەمیشە دەنگی نەخێریان هەبێت بەرامبەر هەموو ئەو سیاسەتانەی ژنان بەکار دێنن.”

ئەو چالاکەی ژنان چالاکی مانگرتنی گیراوانی سیاسی کوردی لە بەندیخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا بەرز ڕاگرت، هەروەها جەختیشی کردەوە: ” لە ئەنجامی گوشارەکانی حکومەتی ئەردۆغان و لە ئەنجامی ئەو کودەتایەی لە تورکیا کرا،  ژمارەیەکی زۆری گیراوان زیاتر لە دوو مانگە لە مانگرتن دان. لەلایەک بەرخۆدانی گیراوان، بە ڕۆح خۆیان داوای مافەکانیان دەکەن، لە لایەکیترەوە دەبینین لە باشوری کوردستان دەسەڵاتداران چ سیاسەتێک بەڕێوەدەبەن. لە مێژووی کوردان نمونەی بەرخۆدانی زیندانی ئامەد بەرخۆدانی وەک ئەمڕۆ هەن، دەزانین لە ساڵی ١٩٨٢ گیراوان گیانی خۆشیان بەخشی لە ئەنجامیشدا سەرکەوتن.”