فەرماندەی یەپەژە: بەرخۆدانی زیندانیان نوێنەرایەتی ئیرادەیە هەموومانە

ڕەقە – فەرماندەیەکی یەپەژە لە ئۆپراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ ئازادی شاری ڕەقە ڕادەگەیەنێت کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی چالاکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی دەکەن.

لە ٢٩ بەندیخانەی تورکیا و باکوری کوردستان، ماوەی ٦٣ رۆژە ٢٧٨ زیندانیانی سیاسی کورد، بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و کۆتایی هێنان بە پێشێلکاریەکانی ناو بەندیخانە مانیان لە خواردن گرتوە.

ئەم چالاکیەی زیندانیانی کورد کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیەوە هێنا، بەڵام تا ئێستا کاربەدەستان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە تورکیا لەبەرامبەر دۆخ و هەلومەرجی ژیانی زیندانیان دەنگیان دەرنەبڕیوە، تەنانەت ڕۆژ بە ڕۆژ گوشارەکانی ناو زیندانیش لە زیادبووندان.

مزگین جودی فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە، لە شاری ڕەقە لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆی بۆ چالاکی زیندانیان دەردەبڕێت. ناوبراو وتیشی: “داواکاری ئێمەش هەمان داواکاری زیندانیانی سیاسیە، چالاکی زیندانیان چالاکی شکۆ، بەرخۆدانی و مرۆڤایەتیە. هەربۆیە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە چالاکی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی، کوردانی باکور دەکات، چونکە گەلی کورد لە هەر شوێنێک لەناو بەرخۆدانی دایە.”

مزگین لە بەردەوامی قسەکانیدا دووپاتیشی کردەوە: “باکوری کوردستان گەورەترین بەشی کوردستانە و بەردەوام ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی و سەرکوتکاری بۆتەوە. شەڕڤانانی ئازادی لە باکوری کوردستانەوە گەورە شۆڕشی مرۆڤایەتیان دەستپێکرد.”

مزگین جودی فەرماندەی یەپەژە  لە کۆتایی قسەکانیشدا ڕایگەیاند: “بە درێژایی مێژوو دەنگی بەرخۆدانی لە بەندیخانەکان بەرزبۆتەوە. تا دواین سات لە گەڵ داواکاری گیراوان داین و بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی خۆمان ڕادەگەیەنین، جارێکیتر دەڵێین بەرخۆدان ژیانە، ئێوە ڕێنیشاندەری ئێمەن و بەرخۆدانی ئێوە نوێنەرایەتی ئیرادەی هەموومان دەکات.”