شەرڤانانی ژن: بە ئازادکردنی تەبقا تۆڵەی ژنان دەکەینەوە

رەقە – شەڕڤانانی ژن کە بەشداریان کردوە لە هەڵمەتی توڕەیی فوڕات بۆ ئازادکردنی شاری ڕەقە، ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکینەکانیان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ئازادکردنی گەلان، هەروەها ڕایانگەیاند، بە ئازادکردنی تەبقا و ڕەقە تۆڵەی هەموو ژنان دەکەنەوە.

ئۆپراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ ئازادکردنی شاری ڕەقە و دەوروبەری ڕۆژ بە ڕۆژ لە پێشڕەویدایە، شەڕڤانانی ژن کە بەشداریان لەو هەڵمەتەدا کردوە، بە بۆنەی ٤ی نیسان ڕۆژی لە دایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری (پەکەکە) خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و ڕاینگەیاند: “لە سایەی ڕێبەر ئاپۆدا توانیومانە هەم خۆمان، هەم ژنانی تریش ئازاد بکەین.”

چیچەک حەسرەت، شەڕڤانی یەپەژە لەو بارەیەوە وتی: “بەشداری کردنم لەناو ڕیزەکانی شەڕڤانانی یەپەژە، بە ئامانجی بەرگریکردنە لە خۆم، گەلەکەم و بەردەوامی پێدانی ڕێبازی ژنە تێکۆشەرە شەهیدەکان.”

ناوبراو وتیشی: “لە سایەی ڕێبەرمان توانیومانە کەسایەتیەکی بەهێز لە جەستەی خۆمان بونیاد بنێین، بەو شێوەیەش بەرگری لە خاکەکەمان دەکەین.”

“لەپێناو ئازادی ژنان تێدەکۆشم”

هەروەها دیرۆک هەبوون، شەڕڤانی یەپەژە و خەڵکی شارۆچکەی گرێ سپی ئاماژەی بەوەدا کە دوای ڕزگاربوونی شارۆچکەکەیان لە لایەن شەڕڤانانی یەپەژە-یەپەگەوە بەشداری ناو یەکینەکانی پاراستنی ژنان بووە، ناوبراو وتی: “یەکینەکانمان ئێستا لە پێناو ئازادکردنی ژنانی ڕەقە تێدەکۆشن، ڕوومان لە تەبقەیە و لەبەرامبەر چەتەکان شەڕدەکەین، ئامانجمان ئەوەیە هەموو ژنان لە زوڵم و ستەم ڕزگار بکەین.”

“تۆڵەی ژنان دەکەینەوە”

لای خۆشیەوە دۆرشین ژیان،  شەڕڤانێکیتری یەپەژە بەو شێوەیە باسی لە ئامانجی تێکۆشانی خۆی کرد: “لێرە کۆمەڵکوژی هەیە، کوشتن، ڕووخاندن، وێرانکاری و خوێن ڕشتن هەیە. ئێمە هاتووین تا تەبقا و ڕەقە ڕزگار بکەین. لە ماوەیەکی کورتدا تەبقا و ڕەقە ئازاد دەکەین بەو شێوەیە تۆڵەی سەرجەم ژنان دەکەینەوە.”