زیلان تانیا: هەرگیز گەلانی ئێران نەبوونەتە بەشێک لە سیاسەتی ڕژێم

قەندیل – زیلان تانیا هاوسەرۆکی “کۆدار” ڕایدەگەیەنێت، گەلانی ئێران هەرگیز تێکەڵاوی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێرانیان نەکردوە، هاوکات پێڤاژۆی هەڵبژاردنەکانی ئێران هەڵدەسەنگێنێت.

لە دیمانەیەکی تێروتەسەلدا زیلان تانیا هاوسەرۆکی کۆمەڵگەی دیموکراتی و ئازدی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار” لەگەڵ ماڵپەرەکەماندا تیشکی خستە سەر چەندین خاڵی گرنگ و قۆناغی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئێرانی هەڵسەنگاند کە بڕیارە لە ١٩ی گوڵان بەڕێوەبچێت.

– ئێران لە چ قۆناغێک دەچێتە هەڵبژاردنەکانەوە؟

زیلان تانیا: بەڵێ وەک دەزانرێت لە ١٩ی مانگی گوڵان هەڵبژاردنەکانی ئێران بەڕێوەدەچن، ئەمەش لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە،   ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسیەی لە ئاستی جیهانی هەیە، ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێرانیش دەبێت. بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنەش وەک قۆناغێکی سیاسی لە ئێران دەستپێدەکات. کاریگەری زۆریشی دەبێت لەسەر سیاسەتی جیهانی و هەرێمەکە بە تایبەتی. لە ڕوویەکەوە هەلومەرجی سیاسی بەرەو ڕەوتێکی دیکە دەڕوات، لەلایەکیترەوە لە ئەنجامی هێرش و پلانەکانی سەر گەلانی ناوچەکە گەلان بوونە قوربانی دەستی هێزە دەرەکیەکان. بێگومان ئەمەش کاریگەری دوو لایەنەی لەسەر هێزەکان هەبوو، بەتایبەتیش ئەو ئاڵوگۆڕەی لە وڵاتە عەرەبیەکان هاتە ئاراوە. پلانەکان بە گوێرەی جەنگی جیهانی سێیەم ئاراستە دەکرێن. لە ئاکامی ئەو شەڕو ململانیێیانەی کە لەناوچەکە چڕکرانەوە سیستەمێکی سەقامگیر جێگیر نەبوو، شەڕ و پێکدادانەکان وەک پێشتر نین، بەڵام ئەوە  بەو واتایە نایەت کە ئاڵۆزیەکان کۆتاییان هاتوە. دیارە بەپێداگریەوە هەوڵدانی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیستەمی هەرێمەکان بەڕێوەچوو. ئەم سیستەمەش تا ئاستێک ویستی خۆی بسەپێنێت، لێرەشەوە ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە ئاخۆ ئەو سیستەمە تا چەند توانی خۆ ی بسەپێنێت؟ بێگومان هێشتا ناتوانین باس لە سەقامگیربوونی دۆخەکە بکەین، چونکە هیچ یەک لە گەلانی ناوچەکە دەستتێوەردانە دەرەکیەکانی قبوڵ نەکردوە و قبوڵیشی ناکەن، لەبەرامبەر ئەو دەستێوەردان و دەستدرێژیە کەلتوری، سایکۆلۆژی، مێژووی، فەرهەنگی و هتد… لەناو خۆڕاگریدان و قبوڵیان نەکردوە. ئێستا گەلانی ناوچەکە هۆشیارتر بوونەتەوە و ئاستی سیاسی و ڕۆشنبیری خەڵک وەک جاران نیە، دیارە ئەو خۆڕاگریەش هیوا بەخشە، چونکە ئیدی گەلان پشتبەستوو بە هێز و باوەڕی خۆیان هەنگاوی گەورەتر دەهاوێژن.

– تا چەند هەلومەرجی کۆمەڵایەتی لەبارە بۆ گۆڕانکاریەکی ڕیشەیی؟

زیلان تانیا: هەڵبەت پێویستە لەم ڕوانگەیەوە هەندێک بابەت لەبەرچاو بگیرێن، بۆ نمونە ئاستێکی زانستی کە سەرجەم چین و توێژەکان پێی گەیشتوون لە ئارادایە، بەڵام نەبۆتە ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی و هەموو کەسی نەگرتۆتەوە. پێویستە گۆڕانکاری لەگەڵ خۆی بێنێت و شۆڕببێتەوە بۆ قوڵایی کۆمەڵگاو بگاتە تاک بە تاکی مرۆڤەکان، پێویستە گەلان هاو دەنگ و هاو هەڵوێست بن لە سەر دەربڕینی ئیرادەی ئازادی خۆیان. پشتگیری خۆیان بۆ سیستەمێک دەرببڕن کە خۆیان دەیانەوێت، کە لە بەرژەوەندی خۆیان بێت. پێویستە ئەم هاوهەڵوێستیە بێتە ئاراوە. لە ئەنجامی ئەوەش سەرجەم گەلان، پێکهاتە و باوەڕیەکانی ئێران دەتوانن لە ژێر چەترێکیشدا کۆببنەوە و خۆیان بەرێوەببەن.

تا چەند زەمینەی ڕێکخراوە بوون هەیە؟

زیلان تانیا: زەمینەی پێکەوە ژیان و بونیادنانی سیستەمێکی سەرکەوتوو دروست بووە، چونکە ئەزموونی ئەوە هەیە، دەبینین لە ڕۆژئاوای کوردستان و سیستەمی فیدراسیۆنی باکوری سوریای دیموکرات جوانترین نمونەی پێکەوە ژیانی ئافراندوە. هەروەها سیستەمی کانتۆنەکان، هاوسەرۆکایەتی، ئەنجومەن و کۆمۆنەکان نمونەی سەرکەوتووی ئەم سیستەمەن، کە زۆر بە پێویستی دەبینم بۆ گەلانی ئێران. هەڵبەت ئەوە بابەتێکی زیهنیەو ڕۆڵی هەر تاکێکی کۆمەڵگە تێیدا بەرچاوە.

– لێرەدا ئەڵتەرناتیڤی گەلان چیە؟

زیلان تانیا: بە دڵنیاییەوە ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە لە هەر ڕوویەکەوە وای کردوە بیر لە ئەڵتەرناتیڤیش بکرێتەوە، ئەو سەرلێ شێواوی و گێژاوە سیاسیە دروستکراوە تێپەڕێندراوە، ئێستا خەڵک بەو شێوەیە دێتە مەیدانەوە و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆی دەکات. گەر لەلایەکیترەوە سەیری دۆخەکە بکەین، دەبینین کە هێزە دەرەکیەکان سەرەڕای بەکارهێنانی سیاسەت و هێزی سەربازی نەیانتوانیوە لە ناوچەکە خۆیان جێگیر بکەن. هەروەها لەبەر ئەوەی هێزە دەرەکیەکان و ناوەخۆییەکان نەیانتوانیوە سەقامگیربن دەبینین تا ئێستا ڕەوشی ناوچەکەش سەقامگیر نەبووە. لەگەڵ هەموو دەستێوەردانەکاندا دەوڵەتی ئێرانیش ڕووبەروووی دەستێوەردانە، لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی نەرم ئێران کەوتە ژێر کاریگەری و دەستێوەردانی دەرەکی و تێکەڵاوی سیستەمی ڕۆژئاوا بوو، کە ئەمە جۆرێکە لە تەنازولکردن و بە ئاشکرایی پێمان دەڵێت کە سیستەمێک لە ئارادایە خۆی لە خۆیەوە ناگۆڕێت، ناتوانێت و نایەوێت خۆی بگۆڕێت. دەیەوێت لە ئاستی جیهانی ببێتە لایەنێکی سیاسی خاوەن هێز.

– تا چەند ڕژێمی ئێران سودی لە شەڕ و ئاڵۆزیەکانی وڵاتانی عەربی وەرگرت؟

زیلان تانیا: ئێران لە ماوەی شەڕی سەر وڵاتانی عەرەبی لەم چەند ساڵەی کۆتایی توانی دەرفەتێک بۆ خۆی بقۆزێتەوە، کاتی زیاتر بەدەستبێنێت بۆ لەسەر پێ مانەوەی. بەڵام بە دڵنیاییەوە دواین قۆناغ کە پێیدا تێپەڕ دەبین، پێویستی بە ڕاوەستە لەسەر کردنە، بەتایبەتیش سیستەمی ئێران. ئێران سیستەمێکە نزیکەی چل ساڵە ڕۆژ بە ڕۆژ بە عەقڵیەتی فاشیستی خۆی نکۆڵی لە ئیرادەو ناسنامەی جیاوازیەکانی ئێران دەکات. بەردەوام سەرکوتکاری، چەوساندەوە و تۆقاندن کاری سەرەکی ئەم دەسەڵاتە بووە. سیستەمێکی سازکردوە لەو ماوەیەدا کە کۆمەڵگای بەرەو خنکان بردوە، دەنگەکانی کپ کردوە. سەرەڕای ئەوانەش ئەوەی شایانی سەرنج و لێوردبوونەوەیە، ئەوەیە کە هەرگیز گەلانی ئێران نەبوونەتە بەشێک لە سیاسەتەکانی ئەو ڕژێمە. هەمیشە خۆیان بەدوور گرتوە. لەناو خۆڕاگری و دۆخی خۆپاراستندا بوون، جگەلە چینێکی دیاریکراو گەلان بەهیچ جۆرێک سیستەمی ڕژێمیان پەسند نەکردوە. لە دۆخێکی وەهادا دەوڵەتی ئێران لەسەر نکۆڵی کردن لە گەلان و سیاسەتی دژە ژن ساز بووە. تا ئێستا هیچ وەڵامێک بۆ داواکانی گەلانی ئێران نەدراوەتەوە، تا ئێستا گوێ لە دەنگە ناڕازیەکان ناگیرێت، ئیدی کۆمەڵگە هاوار دەکات و بەرەو تەقینەوەیەکی گەورەیە. گەلان تێدەکۆشن بۆ سەلماندنی هەبوونی خۆیان، ناسنامە، کەلتور و خاوەنداری کردن لە مێژووی خۆیان. ئێستا دەوڵەت و گەل دوو جەمسەری دژبەرن. هیچ تێگەیشتنێکیش نیە بەرامبەر خواستەکانی گەل.

رژێمی ئێران بە چاوخشاندنەوە  بە سیاسەتەکانی دەتوانێت ڕەوشەکە بگۆڕێت، بابەتێکی ئاستەمیش نیە، دەتوانرێت بە بەرنامەیەکی گشتگیر بە لەبەرچاوگرتنی مافی ژنان و بە سود وەرگرتن لە پۆتانسیەلەکانی ناوخۆی ئێران دەتوانرێت سەرکەوتوو ترین و نمونەیترین سیستەم دابهێنرێت. دەوڵەت دەتوانێت بە فەرمی ناسین و دانپێدانانی ناسنامە جیاوازەکان بەرەو گۆڕانکاریەکی دیموکراتی هەنگاو بنێت. ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە کەشی نا ئارام و پڕ لە ترس و تۆقێنەری ناوچەکە بگۆڕێت و ئێران لە مەترسی دەستێوەردانی دەرەکی ڕزگاری ببێت.

– دەستێوەردانی دەرەکی ئێران چی لەگەڵ خۆی دێنێت؟

پێویستە لە سێ لایەنەوە چاو لەم بابەتە بکرێت، یەکەم دۆخی دەوڵەت، دووەم دۆخی گەلانی ئێران، سێیەمینیشیان دۆخی دەرەکیە، ئێران دەتوانێت چاو لە پێگەی خۆی بکات و پشت بە گەلانی ئێران ببەستێت. خوێندنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی دووبارەبوونەوەی هەمان ئەقڵیەتی دەسەڵاتداری دەوڵەتمان پیشان دەدات و لە بەرژەوەندی گەلانی ئێران نیە کە بۆ دیموکراتی بوون تێدەکۆشن. ئێران لە ئاکامی سیاسەتی ٣٨ ساڵەی دا وەک کارنامەیەکی گشتی هیچ دەسکەوتێکی نەبووە بۆ گەلانی ئێران کە هیوابەخش بێت و گەلان پشتی پێ ببەستن. ئێران ئێستا دەیەوێت خاڵی لاوازی گەل بگرێت و بەکاریان بێنێت. گەر بێت و پێداچوونەوەی سیاسەتی خۆی بکات خوازراوە و هەموو کەسێک ئەوەی دەوێت. بەڵام گەر بێت و تەنها دۆخی هەستیاری لە بەرچاو بگرن و بیانەوێت هەڵبژاردن تێپەڕێنن ئەوا ئێران ڕزگاری نابێت. وەک پێشریش ئاماژەم پێدا ئاستی ڕۆشنبیری گەلانی ئێران بەتایبەتیش ژنان لە بەرەو پێشچوونە. هەر بەڵێنێکی کاربەدەستان بەسەدان جار لە بێژنگ دەدەن، ئەوەش بە هۆی ئەو نائومێدیەی دەوڵەت سازی کردوە ئیدی باوەڕ کردنیش بە دەوڵەت زۆر ئەستەمە.

– ژنان لە کوێی هەڵبژاردنەکانی ئێران دان؟

زیلان تانیا: تا ئێستا ژنان ناتوانن بە گوێرەی یاسا خۆیان کاندید بکەن، تەنانەت بە ڕووکەشیش بێت ژنان پەراوێز خراون، ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە پشتگوێ خراون، ژنان ئەو هێزەن تەنها واژۆیان پێدەکرێت، چەپڵەیان پێ لێدەدرێت و ئیرادەیان بە هەند ناگیرێت. واتا بۆ مەرامە سیاسی و بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتداری بەکار دەهێنرێن. بۆیە گرنگە ژنان خوێندنەوەی واقیعیانە بۆ ڕەوشەکە بکەن. هەرگیز دەسەڵاتداران شتێکیان پێشکەش بە ژن نەکردوە، مەگەر ژن لە پێناویدا تێبکۆشێت.

– وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵوێستتان چیە بەرامبەر هەڵبژاردنەکانی ئێران؟

زیلان تانیا: قۆناغی هەڵبژاردن بۆ گەلی کورد بە تایبەت پرۆسەی تێکۆشانێکی سیاسیە. دەوڵەت تا دوا رادە هەوڵ دەدات سیاسەتی خۆی وا پیشان بدات کە ڕەوایەتی بە سەرجەم چین و توێژەکان داوە کە دەتوانن لە سیاسەتدا جێگەی خۆیان بکەنەوە، بەڵام ئەوە یاریە دووبارە و چەند بارەکانی دەوڵەتە، بۆ ڕژێمی ئێران شتێکی تازە نیە. لە جیاتی ئەوەی نائومێدی بکەینە چارەنوس، هەر تاکێک بەرپرسیارە لە دیاری کردنی ئاییندەی گەلان. لەم قۆناغەدا دەبێت زۆر چالاکانەتر هەڵسوکەوت بکەین. تێکۆشانێک پێویستە لە ژێر چەتری بەرنامەیەکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فکری بێت. دەبێت گەلان شوێن بۆ خۆیان ساز بکەن، تا ئێستا هیچ دەوڵەتێک شوێن بە گەلان نادات بەتایبەت گەلی کورد، هەر کەسێک وا بیر بکاتەوە، خۆی لە خۆیدا لە دۆخێکی خۆ خەڵەتاندن دایە و نوقمی یاریەکانی ڕژێمی ئێرانە. داواکاریمان لە گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە بە هۆشیاری هەڵسوکەوت بکەن و لە چوارچێوەی بەرنامەی تەڤگەری ئازادی بۆ قۆناغی هەڵبژاردنەکان جموجۆڵ بکات، بەتایبەتیش ژنان کە پێشەنگن دەتوانن بە پێشخستنی بەرنامەی خۆیان گۆڕانکاری بەدی بێنن. ئەگەر پێویست بکات لە قۆناغی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا هەڵوێستێکی تری هاوبەشی دیاری کراویش پیشان بدرێت.