رژاک، بە لێدوانێک پشتگیری خۆی بۆ مانگرتنی گیراوانی سیاسی ڕاگەیاند

 ناوەندی هەواڵ – رێكخراوی ژنانی ئازادیی كوردستان، سەبارەت بە رەوشی دوایی باكوری كوردستان و بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسی مانگرتوو كە ماوەی 60رۆژ مانیان لەخواردن گرتوە، لێدوانێكی ڕاگەیاند.

رەژاك، لەلێدوانەكەیدا سەرنج رادەكێشێتە سەر ریفراندۆمەكەی 16ی مانگی توركیا و پشتگیری پارتی بۆ ئەرێكردنی دەستووری دكتاتۆری ئەردۆگان و دەڵێ: پشتگیری پارتی بۆ ئاكەپە و بەڵێ كردنی دەستوری شەرمەزاریەكی گەورەیە 

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا رژاك باس لەبەرخۆدانی زیندانیانی سیاسی كورد لەزیندانەكانی كوردستان و توركیادا رادەكێشێت و پشتگیری رێكخراوەكەیان بۆ مانگرتنی زیندانیانی سیاسی دووپاتدەكاتەوەو بانگەوازی لەتەواوی گەلی كورد دەكات كە بەڕۆحی بەرخۆدان پشتگیری لەداخوازیە رەواكانی مانگرتوان بكەن 

دەقی بەیاننامەكە: 

بۆ رای گشتی: 

لە ئێستادا گەلەكەمان لە قۆناخێكی چارەنوسسازدا تێدەپەڕێت، ئەو بەرخۆدانەی كە بەرێوە دەچێت لە چوارپارچەی كوردستان تەواوی دوژمنان‌و بەكرێگیراوانی تەنگاو بێ چارە كردووە. ئەم رەوشە لە ئێستادا بەتایبەتی لە باكور‌و باشوری كوردستان رۆڵی سەرەكی هەیە‌و لە رۆژەڤی تەواوی گەلی كورد دایە 

دەوڵەتی فاشیستی تورك بۆ ئەوەی كە تێكۆشانی گەلی كورد بەرەو دواوە ببات‌و تێك بشكێنێت، بە شێوەیەكی فاشیستیانە دەستی بە هەڵمەتێكی بەرفراوان كردووە‌و ئەمە لە ئۆپەراسیۆنی زیندانیكردنی دەیان هەزار كەس لە هاوسەرۆكانی هەدەپە، هاوسەرۆكانی شارەوانیەكان بگرە تا دەگات بە كەسایەتیە پێشەنگ‌و چالاكەكان بەمەش لە ئێستادا بە دەیان هەزار كە لە زیندانەكان ئاخێنراون‌و بە هەموو شێوەیەك ئەشكەنجە‌و ئازار دەدرێن، ئەم پیلانە تا ئێستا بەردەوامە‌و بەرفراوان بووە، تا بە دەستتێوەردانەكانی رۆژئاوا، داگیركاریەكانی سەر باشوری كوردستان، لە ئێستاشدا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی تەواوی ئەو پیلانەی لەناوبردن بابەتی ریفراندۆمی كردە رۆژەڤ‌و بەیانیش كە 16 ی نیسانە، بە نیازی ئەوەی پیلانی سوڵتان بوونی بسەپێنێت‌و جێ بەجێ بكات لەسەر گەلانی توركیا‌و گەلەكەمان لە باكوری كوردستان. بەداخەوە كە هێزە بەكرێگیراوەكانی باشوری كوردستانیش بە پێشەنگایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ ئێراق. هاوكار‌و هاوپەیمانێكی سەرەكیەتی بەتابیەت لە پروپاگەندە بۆ ریفراندۆمەكەی ئەردۆغان، بە توندی شەرمەزار‌و رسوا دەكەین. 

رێكخراوەكانی ژنان، كەسایەتیە ئازادیخوازەكان 

لە ئێستادا لە بەرامبەر تەواوی ئەو پیلانانەدا زیندانیانی باكوری وڵات لەناو بەرخۆدانێكی پیرۆز‌و بێ وێنەیەدان، زیندانیان كە ماوەی 60 رۆژە لە مانگرتنی بێ كۆتاییدان گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیدار‌و ژنان‌و هەڤاڵانمان لە زیندانەكان كە بە هەزارانن بەرەو شەهادەت دەرۆن، بە درێژایی مێژوو دوژمنان‌و داگیركەران لە هەوڵی ئەوەدابون كە زیندانەكان بكەنە خاڵی كۆتایی هێنان بە تێكۆشانەكان‌و شۆڕشەكان لە زینداندا بكوژێننە‌و بێ كاریگەر بكەن، هەڵبەت پێچەوانەكردنەوەی ئەو خواست‌و هیوایەی دوژمنانمان لە لایەن رێبەر ئاپۆدا پوچەڵكرایەوە‌و بێ واتا كراوە، ئەمڕۆش هەڤاڵانمان لە زیندانەكاندا بەردەوامی بەم بەرخۆدانیە دەدەن‌و لە ئێستادا بە گیانی خۆیان، خۆیان فیدای تێكۆشان‌و شۆڕش دەكەن‌و تەنانەت ئامادەن بەرەو شەهادەن بەبێ دوودڵی هەنگاو دەنێن. 

وەك رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان وێرای ئەوەی تەواوی ئەو پیلانگێڕی‌و هێرشانە شەرمەزار‌و رسوا دەكەین، لێرەیشەوە بەرخۆدانی زیندانیان سڵاو دەكەین‌و پشتگیری خۆمان بۆ داواكاریەكانیان دەردەبڕین. هەر لێرەیشەوە پشتگیری لە تەواوی ئەوانە دەكەین كە بە ئیرادەوە دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان‌و بە دەنگی نەخێر پشتگیری لە ئیرادەی تێكۆشان‌و بەرخۆدانی زیندانەكان دەكەن‌و دەڵێین بە رۆحی بەرخۆدانی زیندانەكان، بە ئیرادەی گەلەكەمان لەسەر سندوقەكانی دەنگدان پیلانەكان تێك دەشكێنین‌و سەردەكەوین.

بۆ تەواوی ئەوانەی  دەنگمان دەبیستن: 

لە بەرامبەر تەواوی ئەو بارودۆخەدا تایبەت رەوشی زیندانیان بێ دەنگیەكی مەترسیدا هەیە بۆیە لێرەوە بانگەوازی خۆمان ئاراستەی تەواوی لایەنە سیاسیەكان، رێكخراوەكانی ژنان‌و كۆمەڵی مەدەنی، كەسایەتیە ئازادیخوازەكان، تەواوی ئەوانەی كە هەست بە ئەركی قۆناخ دەكەین كە بێ دەنگی بشكێنین‌و دەست بە زنجیرە چالاكی جۆرا‌وجۆر بكەن‌و باشور بكەین بە باشترین وەڵام بۆ پشتگیریەكانی زیندانیان‌و بەرخۆدانی گەلەكەمان لە باكوری وڵات‌و تێكشكاندنی تەواوی ئەو پیلانانەی كە لەسەر گەلەكەمان بەرێوەدەچێت‌و لەلایەن دەوڵەتی فاشیستی تورك 

بە ئیرادەی زیندانەكان‌و بەرخۆدانی مەیدانەكان سەردەكەوین.

بژی بەخۆدانی رێبەر ئاپۆ تەواوی زیندانیەكان  

بژی بەخۆدانی ژنانی ئازادیخواز 

رێكخراوی ژنانی ئازادی كوردستان رەژاك

15 ـ 4 ـ 2017