مانگرتنی گیراوانی سیاسی پێی نایە ٤٣ هەمین ڕۆژ

ئیزمیر – لە بەندیخانەی شاکران چالاکی مانگرتن پێی نایە ٤٣ هەمین ڕۆژی خۆی و کەس وکاری گیراوانیش رادەگەیەنن، کە ئەوان سەردانی گیراوانیان کردوە و دۆخی تەندروستیان هێندە تێکچووە تەنانەت ناتوانن قسە بکەن و لەسەر پێی خۆیان ڕابوەستن.

لە بەندیخانەی ئالیگای شاکران لە شاری ئیزمیری تورکیا، گیراوانی (پەکەکە) و (پاژک) بە ئامانجی شکاندنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و کۆتایی هێنان بە ئۆپراسیۆنی سەر گوندەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەناو بەندیخانەکاندا لە ڕۆژی ١٥ی شوباتەوە دەستیان بە مانگرتنی ماوە نادیار کردوە. ئەمڕۆ ٤٣ ڕۆژە گیراوان لە مانگرتن دان و ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی تەندروستیان بەرەو خراپی دەڕوات. کەسوکاری گیراوانیش زانیاری زیاتر دەخەنە ڕوو و بانگەوازی هۆشیار بوون لە بەرامبەر دۆخی ئەو گیراوە سیاسیانە دەکەن.

“ئیدی ناتوانن قسە بکەن”

موعازەز بایکان، خوشکی زانا یاتکن-ی گیراوی سیاسی کە مانی لە خواردن گرتوە لەو بارەیەوە وتی: “چووین چاومان بە زانان کەوت، زانا قسەی بۆ ناکرێت، گەر پێویست بکات ئەوا ئێمەش دەست دەکەین بە مانگرتن. جگەرمان دەسوتێت، لەبەرچاوی خۆمان مەرگی خوشک و براکانمان، ڕۆڵەکانمان دەبینین. تێکۆشانی ئەوان مایەی شانازی و جێگەی شکۆمەندیە. لە پێناو ئازادی ڕێبەرمان ئامادەین گیانی خۆشمان فیدا بکەین، چونکە ئەو پیشانی داین کە چۆن بژین. هەر شتێک لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ وە بەدیهات. “

موعازەز لە کۆتایی قسەکانیشدا بانگەوازی خاوەنداریکردنی لە گیراوانی سیاسی کرد، هەروەها داوای کرد کە هەرچی زووە گوشارەکانی ناو زیندانیان کۆتایی بێت.

هەروەها ناجیە گولچو، دایکی گیراوی سیاسی ئۆزگور گورچو ئاماژەی بەوەداوە کە کوڕەکەی ٩ کیلۆی کەم کردوە، ئیدی ناتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەسێت و ناشتوانێت قسە بکات. ناجیە بەو شێوەیە قسەی کرد: “ئۆزگور باسی لەوە دەکرد کە موستەفا سۆنمازی بەڕێوەبەری بەندیخانە هەڕەشەی لێکردوون و پێیانی وتوە دونیاتان بەسەر دەڕووخێنم.”

بانگەوازی هۆشیار بوون بەرامبەر دۆخی گیراوان

ناجیە دەستنیشانی کرد لە بەندیخانەدا گیراوانی مانگرتوو لەلایەن کاربەدەستانی بەندیخانە ڕووبەڕووی هەڕەشە، گوشار، بێڕێزیکردن و چەوساندنەوە دەبنەوە، هەروەها وتیشی: “ئوزگور پێی وتم کە وێنەی هەمووانیا گرتوە، هەمووانیان کۆکردۆتەوە ژوورێک ، تەنانەت شوێن نیە تا بخەوین، هەموومان بە دانیشتنەوە دەخەوین، هەر ڕۆژ پزیشک دێت و دەڵێت ئاو بخۆنەوە هیچیتر. ئوزگور داوای پزیشکی سەربەخۆی کرد و داوای لە ڕایی گشتی کرد بەرامبەر بە مەرگی لەسەر خۆی گیروان بێدەنگ نەبن.”

لە کۆتایشدا ناجیە داوای کرد هەرچی زووە داواکاری ڕۆڵەکانیان قبوڵ بکەن و بانگەوازی هۆشیاری لە ڕای گشتی کرد.