تەرمی نوژیان لەلایەن هەزاران کەسەوە  بە خاکسپێردرا

 شەنگال – تەرمی ڕۆژنامەنوس نوژیان ئەرهان و شەرڤانی (یەبەشە) فەرهاد چاڤو بە دروشم و هەلهەلەی هەزاران کەس بەخاکسپێردران.

توبا ئاکیڵماز (نوژیان ئەرهان) و فەرهاد چاڤو (نێچیروان ئاکباڵ) لە لالەیەن چەکدارانی سەر بە پەدەکە لە شەنگال برینداکرابوون و بۆ چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کرابوون، بەهۆی سەختی برینەکەیان لە ٢٣ی ئەم مانگە شەهیدبوون. ئەمرۆش تەرمی هەردووکیان بە مەراسیمێکی شایستە و بەبەشداربوونی هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی و جەماوەری کانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای کوردستان، ئەندامانی چاپەمەنی ئازاد لەژێر دروشمەکانی (شەهیدان نامرن ) و (بمرێت خیانەت) چیای شەنگال بەخاکسپێردران.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی گیانبەختکردوانی ڕێگەی ئازادی دەستی پێکرد، پاشان لەسەر ناوی فەرماندەیی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال-یەبەشە و یەکینەکانی ژنانی شەنگال-یەژەشە ڕۆسیار ڤەژین قسەی کرد و وتی: “جێگەی سەربازەکانی تورک و چەتەکانی پەدەکە لێرە نابێتەوە. ئێمە لە نوژیان و فەرهادەکان فێری بەرخۆدانی بووین . نوژیان و فەرهاد بۆ هەموومان سۆزی تۆڵەسەندنەوەن. نوژیان ژیانەوەی نوێی ژیانە. لێرەوە بانگەوازی لە گەلی ئێزیدی خۆمان دەکەین هەر شوێنێک بکەنە گۆڕەپانی بەرخۆدان و سەرهەڵدان. بەڵێنمان بۆ شەهیدان نوێ دەکەینەوە، هەردوو شەهیدی سەرفرازیشمان بە هەلهەلە و دروشمی سەرکەوتن بەخاکدەسپێرین.”

هەروەها لەسەر ناوی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزیدی لالەشین مەلەک قسەی کرد و ڕایگەیاند، نوژیان بەرامبەر بە چەتەکان ڕاوەستاوە و هەرگیز سەری بۆ هیچ زوڵم و ستەمکاریەک نەنەواندوە. وتیشی: “لە شەنگالەوە تا نوسەیبین، سڵاو لە خۆڕاگری گەلەکەمان دەکەین، سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەزری نوژیان و فەرهاد دەکەین. سەری گەلی کورد و شەرڤانان ساغ بێت. فەرهاد تا دواین گولـلە لە سەنگەری بەرخۆدان دژ بە چەتە داگیرکەرەکان شەڕی کرد و نوژیانیش بۆ گەیاندنی ڕاستیەکان تێدەکۆشا و بە گولەی خیانەت بە نامرۆڤانە شەهیدکرا. نوژیان بە کامێراکەی دەنگی ئازادی شەڕڤانانی ئێزیدیخانی بە جیهان گەیاند. بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی پیرۆزی نوژیانەکان بەردەوام بین.”

تەرمی هەردوو گیانبەختکردوو لە ژێر دروشمەکانی (شەهید نامرن) و (بمرێت خیانەت) لە ژێر هەلهەلە و چەپڵەی دایکان لە چیای شەنگال بەخاکسپێردران.