تۆپبارانی سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامە

عەفرین – سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا دەستی کرد بە تۆپباران کردنی چوار ناوچەی سەر بە کانتۆنی عەفرین و هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەرێوەبەرایەتیش بانگەوازی پتەوکردنی هێڵی بەرگری دەکات.

سەرلەبەیانی ئەمرۆ هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سەربازگەکانی تەک کۆپرو، ئاکباب، ئۆلو تەیمەن، تل کۆپرو، کوملو، سەفات، کۆکایی و گومرگەوە دەستی کرد بە تۆپباران کردنی هەرچوار ناوچەی جندرێس، شیێ، رەجۆ و بلبلێ-ی سەربە کانتۆنی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان.لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا تا ئێستا زیان بەر ١١ گوند کەوتوە.

لەو بارەیەوە هێڤی مستەفا هاوسەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەرایەتی کانتۆنی عەفرین رایگەیاند، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئاسایشی سنورەکان نیە، هەروەها وتی: “ئامانج لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەوەیە ناوچەکە بکەنە گۆڕەپانی شەڕ، بەو شێوەیەش دەیانەوێت پڕۆژەی چارەسەری دیموکراتی لە باکوری سوریا بە ئامانج بگرن، چونکە نایانەوێت بە هیچ جۆرێک سیستەمی فیدڕاڵی باکوری سوریا سەر بکەوێت.”

هێڤی مستەفا دژ بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەسەر عەفرین داوای کرد هەموو هاوڵاتیانی عەفرین شانبەشانی یەکتری هێڵی بەرگریکردن بەهێز بکەن و دژ بە داگیرکەری شەڕ بکەن.

جێگەی ئاماژەیە تا ئێستاش تۆپبارانی سەر کانتۆنی عەفرین بەردەوامی هەیە.