داوای ٩٥ ساڵ سزای زیندان بۆ ئایلا ئاکات ئاتا دەکرێت

ئامەد – بە تۆمەتی بەشداری کردنی لە خەباتەکانی کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات و بەشداری کردنی لە ڕێپێوانەکان، داواکاری گشتی شاری ئامەد داوای ٩٥ ساڵ سزای زیندانی بۆ ئایلا ئاکات ئاتا دەکات.

سەرۆکی دادگای گشتی لە شاری ئامەد، سەبارەت بە ئایلا ئاکات ئاتا وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد(KJA) و پەرلەمانتاری پێشووی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان(DBP)، ڕاپۆرتی تۆمەتبارکردنی ئامادە کرد و پێشکەشی پێنجەمین دادگای سزا قورسەکانی شاری ئامەد.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئایلا ئاکات تۆمەتبار کراوە بە “ڕێوەبەری ڕێکخستنی قەدەغەکراو، ١٤ جار بانگەشەکردن بۆ ڕێکخستن، دژبەری کردنی یاسای کۆبوونەوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان.” هەروەها داوای ٣٠ تا ٩٥ ساڵ سزای زیندانی بۆ کراوە.

ڕاپۆرتەکە لەلایەن دادگاوە پەسندکرا و ١٠٠ لاپەڕەی ئەو ڕاپۆرتە ١١٨ لاپەڕەییە، بریتیە لە تۆماری چاوپێکەوتنەکانی پارێزەران لەگەڵ ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی و هەڵسەنگاندنەکانی ئایلا ئاکات ئاتا، زانیاری و هەڵسەنگاندنەکانی ناوبراو سەبارەت بە پەیامی کەجەکە، هاوکات تۆمەتبار کراوە بە بەڕێوەبەری پەکەکە، کەجەکە و کەجەدە.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە کۆنگرەی ژنانی ئازاد(KJA) دوای داخستنی تەڤگەری ژنانی ئازاد و دیموکراتی(DOKH) دامەزراوە و باڵی ژنانی سەر بە کۆما جڤاکێن کوردستان(KCK) یە.

ئەوەی جێگەی ئاماژەیە تویتەکانی پەرلەمانتاران لەسەر پەڕەی کەسی تویتەر کە وێنەی (ئەکین وان)یان بڵاو کردۆتەوە، وەک بانگەشەی ڕێکخستنی بەناو کراوە.

ئایلا ئاکات ئاتا وتەبێژی کۆنگرەی ژنانی ئازاد، لە چالاکی ناڕەزایەتی دژ بە دەستگیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی شاری ئامەد دەستبەسەرکرا و لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ بڕیاری دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای تورکەوە بۆ دەرچوو.