کتێبی “ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو”ی ساکینە جانسز سبەی دەگاتە بەردەستی خوێنەران

ناوەندی هەواڵ – بۆ جاری یەکەم کتێبی ” ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو” لە نوسینی ژنە تێکۆشەر و کادری پێشەنگی پارتی کرێکارانی کوردستان (ساکینە جانسز) سبەی دووشەمە (٩-١-٢٠١٧) کە هاوکاتە بە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ساکینە جانسز و دوو لە هەڤاڵانی دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

ساکینە جانسز ژنە تێکۆشەری کورد لەماوەی ٣٨ ساڵەی ژیانی خۆی لەناو تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد و مرۆڤایەتیدا کتێبێکی بەناوی (ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو) دەنوسێت، وەک خۆشی ئاماژەی پێداوە، کتێبەکەی بەرهەمی خەبات و ڕەنجی سەرەتای دەستپێکردنی بزووتنەوەی ئازادی، بەرخۆدانی زیندانەکان و گۆڕەپانەکانی تێکۆشانە.

لە کتێبەکەی دا ساکینە جانسز دەڵێت:

“ساڵی رابردوو قۆناغی به‌ په‌رتووک گه‌یاندنی تێبینییه‌ نووسراوه‌کانم که‌م نه‌بوو له‌ هه‌راو هۆریا. چونکه‌ له‌کاتی نووسینیان هه‌رگیز بیرم له‌به‌مشێوه‌یه‌ به‌ چاپگه‌یاندنیان نه‌کردبۆوه‌. هێشتا به‌ زووم ده‌زانی بۆ نووسینیان. هه‌روه‌ها قۆناغێکی سرووشتی نه‌بوو بۆ نووسینیان، ژینگه‌یه‌کی پڕ گفتوگۆ و ره‌خنه‌ و له‌ هه‌ر رووێکه‌وه‌ به‌ ئازار بوو.

له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر هێزی ئه‌وه‌م هه‌بووایه‌ له‌ خودی قۆناغه‌که‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌م و به‌ره‌و رابردوو بگه‌ڕامایه‌وه‌، بێگومان شاکارێکی زۆر جیاوازی لێ به‌رهه‌م ده‌هات. هه‌ڵبه‌ت هه‌ردوو چوونه‌ ناو کاره‌که‌ش زه‌حمه‌تن، ئه‌وه‌ی دیاره‌ من “زه‌حمه‌ته‌ ئاسانه‌که‌”م هه‌ڵبژارد!. نووسراوه‌کانم ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ وه‌ک “بار”ێک بوو. له‌و رۆژگاره‌ پڕ جموجۆڵ و پڕ پشێوییه‌ی زاپ، هه‌ندێک جار له‌ کۆڵه‌پشته‌که‌ی من دا و هه‌ندێک جاریش له‌ناو کۆڵه‌پشتی خوشکه‌زاکه‌م “فه‌ردا “دا بوو.

نووسینه‌کانم ته‌نیا بۆ فه‌ردا خوێندبووه‌وه‌. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌و نرخه‌ی که‌ بۆ ره‌نجی داده‌نا، تۆزێکیش به‌هۆی فشاره‌کانییه‌وه‌، له‌گه‌ڵ بڕێکی زۆر له‌ئامێره‌کانی کاری راگه‌یاندنی و چاپه‌مه‌نی چه‌ند مانگێک هه‌ڵیگرت. پێویسته‌ دان به‌وه‌دا بنێم که‌ له‌مه‌یدانی شه‌ڕدا بووین، به‌بیرکردنه‌وه‌ له‌مه‌، له‌لای ئه‌و به‌جێمهێشتبوو، ئه‌گه‌ر شتێک رووبدا، نووسراوه‌کان ده‌پارێزێت و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێت. به‌ڵام هه‌ست ده‌کات به‌ هه‌بوونی بیرکردنه‌وه‌م ” له‌ شتێک ” و بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌یان، چه‌ندین جار هه‌واڵی بۆ ناردبووم.

دواجار له‌ ئه‌یلولی ١٩٩٦ دا ده‌فته‌ره‌کانم به‌ کۆڵمه‌وه‌ هاتم بۆ گۆڕه‌پانی سه‌رۆکایه‌تی. ده‌سته‌واژه‌ی ” ژیان پێتده‌نووسێت ” ی سه‌رۆک و به‌رده‌وام راوه‌سته‌کردنی له‌سه‌ر گرنگییه‌کانی نووسین و به‌ها و نرخ پێدانی، نووسینی کرد به‌ قه‌رزی گه‌رده‌نم.”

سبەی لە شاری سلێمانی مەراسیمی سێیەمین خەڵاتی ڕێزگرتنی ساکینە جانسز کاتژمێر ٢ی دوای نیوەڕۆ لە هۆڵی تەوار بەڕێوەدەچێت. لەو مەراسیمەدا کتێبی ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو پێشکەش دەکرێت.

کتێبی ژیانم هەموو تێکۆشان بوو دوای زمانەکانی تورکی، فارسی و کوردی (زاراوەی کورمانجی ژۆرین) لەلایەن ئارام پێنجوێنیەوە لە زمانی تورکیەوە وەرگێڕی سەر زمانی کوردی (زاراوەی سۆرانی) کراوەتەوە و بۆ یەکەم جار سبەی دەکەوێتە بەردەستی خوێنەران.

جێگەی ئاماژەیە، ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز لە ٩ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا تیرۆر کران.