ژنان زیاتر لە سەدا پەنجای ئەنجومەنی فیدراڵی پێکدێنن

ڕمێڵان  – ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانانی فیدڕاڵی دیموکراتی باکوری سوریا سەبارەت بە ڕۆلی ژنان لەناو سیستەمی فیدڕاڵی ڕایانگەیاند، ژنان خاوەن پێگە و ڕۆڵێکی مەزنن.

سیستەمی فیدراڵی دیموکراتی ڕۆژئاوا –  باکوری سوریا، لە ١٦ی مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٦دا ڕاگەیاندرا، هەروەها دوای ئەوەی لە ٢٨ی مانگی ڕابردوودا، لە دووەمین کۆبوونەوەی خۆیدا چەندین بڕیاری گرنگی دەکرد و ناوی سیستەمیش گۆڕا بۆ سیستەمی فیدڕاڵی دیموکراتی باکوری سوریا. لە سەرەتای دامەزراندنی سیستەم تا ئێستا ژنان بە شێوەیەکی چالاک جێگە دەگرن.

“بە دەستپێشخەری ژنان، سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای بوون بە نمونە بۆ جیهان”

دەریا ڕەمەزان، ئەندامی کۆمیتەی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی لە ئەنجومەنی یاسادانانی سیستەمی فیدڕاڵی لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: “سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە پێشەنگی ژنان بەدەسهێنراون، لە جیهاندا بوون بە نمونە. لە هەموو لایەنانەکانی سیاسی، سەربازی، کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنی لە جیهاندا تێکۆشانی ژنان دەنگی دایەوە، ژنانی کورد تێکۆشانیان گواستەوە بۆ ناو هەموو پێکهاتەکانی تر، ئەمرۆ ژنان هەموو هێزی خۆیان کۆکردۆتەوە و لە سەنگەرەکان بەرامبەر بە چەتەکان شەڕ دەکەن.”

دەریا ئاماژەی بەوەشدا کە ژنانی کورد لە گۆڕەپانی سیاسیدا رۆژ بە ڕۆژ پەرە بە تێکۆشان دەدەن، جەختیشی کردەوە: “نمونەی ڕۆڵی چالاکی ژنان لەناو سیستەمی فیدراڵی دایە، نمونەی یەکسانی راستەقینە ئەوەیە کە ژنان و پیاوان بۆ یەکەمجار لە هەموو ڕووێکەوە توانیویانە خاوەن ڕۆڵی بە کاریگەر بن شانبەشانی یەکتری، چونکە وەک دەبینین زیاتر لە سەدا پەنجای ژنان ئەنجومەنی سیستەمی فیدراڵی پێکدێنن، هەروەها چەمکی یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە جێی باس نیە.”

“سەرکەوتن و پڕۆژەکان بەشی خۆمانن”

هەروەها هێڤین حسێن، ئەندامی کۆمیتەی کاروباری کۆمەڵایەتی، لە سیستەمی فیدڕاڵی دیموکراتی وتی: “چۆن شۆڕشی ڕۆژئاوا و سەرکەوتنەکانی بە شۆرشی ژن دەناسرێن، لە هەمانکاتدا لەناو سیستەمی فیدراڵیدا شۆڕشێکی تر جێگەی باسە، سەرجەم ئەو کۆبوونەوانەی بەڕێوەچوونە تا ئێستا ژنان بە زیاترین ڕێژە بەشداریان کردوە، هەروەها زۆرترین رۆڵیان لە ئەستۆ گرتوە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ناسینی شۆڕشی ڕۆژئاوا بە شۆرشی ژن، ئەرکەکانیان قورستر دەکات و لەو پێناوەشدا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان و ژنان زیاتر تێدەکۆشن.