ژنانی حەلەب باس لە زوڵمی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن

 

حەلەب – ئەو ژنانەی لە ژێر زوڵمی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕزگاریان بووە، ڕایانگەیاند کە شەڕڤانان بوونەتە هۆی ئەوەی ژیانانێکی ئارامیان هەبێت.

ژنانی نیشتەجێی گەڕەکی (هیلۆک) لە شاری حەلەب، باسیان لە ژیانی پڕ لە مەینەتی و ئەشکەنجەی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کردوە و بانگەوازیان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد لە ڕووی مرۆییەوە هاوکاریان بکەن.

فاتمە شێخۆ(تەمەن ٥٠ ساڵان)، لەو بارەیەوە وتی: “کاتێک داوای نانمان لە چەکدارەکان دەکرد بۆ منداڵەکانمان، بێڕێزیان پێدەکردین و هەرچی ئەو هاوکاریەش کە دەهات لە دەرەوە بۆ خۆیان و کەسوکاریان دەبرد.دەوڵەتی تورکیاش بە تایبەت خۆراک و پێداویستیەکانی بۆ چەکدارەکان و بنەماڵەکانیان دەنارد.”

“دەرزی ژەهراویان لە منداڵەکان دەدا”

فاتمە لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، کە هێزە چەکدارەکان کردەوەی نا مرۆڤانەیان بەرامبەر ئەوان بەکار هێناوە، هەروەها وتیشی: “چەکدارەکان دەرزی ژەهراویان لە منداڵەکانمان دەدا. بەڵام دوای ئەوەی شەڕڤانانی (یەپەژە- یەپەگە) هاتن، ئێمەیان لە ژێر ئەو زوڵم و ستەمە ڕزگار کرد. ئێستا لە سایەی شەرڤانان بە ئارامی دەژین، وەک ئەوەی تازە لە دایک بووبین دڵخۆشین.”

بانگەوازی هاوکاری کردن دەکەن

هەروەها لەیلا کەمال (تەمەن ٤٦  ساڵان) ژنێکیتری ئەو شارەیە کە هەست بە ئازادی دەکات و بەو شێوەیە باس لە ژیانی ژێر دەسەڵاتی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات: “مەینەتی زۆمان بینی، ئەو نانەی کە ئاژەڵ نایخوات بە ناچاری دەمانخوارد، سەرەڕای هەموو هێرش و شەڕو ناخۆشیەکان، کچەکەم و کچی براکەم بەخێو دەکەم، هاوژینەکەم کەم ئەندامە، شەڕڤانان ئێمەیان ڕزگار کردوە، بەڵام داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەم بە هانامانەوە بێن لەڕووی ماددیەوە هاوکاریمان بکەن، زۆر سوپاسی شەڕڤانان دەکەین لە سایەی ئەوان ئیدی بە ئارامی دەژین.”

لای خۆشیەوە ڕەیا عەلی محمەد(٧٠ ساڵان)، ئاماژەی بەوەدا کە کوڕەکەی لە ئەنجامی بۆردومانی هێزەکانی ڕژێم ژیانی لەدەستداوە، وتیشی: “پێویستی بەپەلەمان بە پێداویستی پزیشکی هەیە، هەژارین، بەهۆی بۆردومان و برسێتی جۆرەها نەخۆشی بڵاوبۆتەوە، داوای پێویستیمان بە هاوکاری هەیە.”