٩ مانگە داوای تەرمی کوڕەکەی دەکات

مێردین –  دایکێکی شاری مێردین، ماوەی ٩ مانگە بە دوای تەرمی کوڕەکەی دەگەڕێت و دەڵێت: دەمەوێت تەرمی کوڕەکەم لە باوەشی ئەم خاکەدا بخەوێت.

لە ١٤ی ئاداری ٢٠١٥دا باری نائاسایی لە شارۆچکەی سەر بە شاری مێردینی باکوری کوردستان ڕاگەیاندرا، هەروەها لەو سەروبەندەدا بە دەیان گەنج لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی تورکیاوە بە ئامانج گیران، بنەماڵەی عەبدوڵڵا ئاک تەمەن ١٩ ماوەی ٩ مانگە ناتوانن تەرمی کوڕەکەیان وەربگرنەوە.

تایتان ئاک، دایکی عەبدوڵڵا، دژی ئەو هەڵوێستەی دەوڵەت کاردانەوەی خۆی دەربڕی و وتی: “چەندین جارە سەردانی ناوەندە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەوەی تەرمی کوڕەکەمان وەرگرینەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەس وەڵامی نەداوینەتەوە.”

دایە ئایتان وتیشی: “کوڕەکەم بێ گۆڕە، دەمانەوێت گۆڕێکی هەبێت و لە باوەش خاکەکەی دا بخەوێت، ئێستا نازانین ئاخۆ چیان لێکردوە، خۆم کۆڵان بە کۆڵان خانو بە خانوی نوسەیبین بۆ تەرمەکەی گەڕام، سەردانی ناو هەموو مەیتخانە و نەخۆشخانەکانم کرد، هیچ شوێنێک نەماوە بۆی نەگەرابم، ماوەی ٩ مانگە داوای تەرمی کوڕەکەم دەکەم و هیچ وەڵامێکم نادەنەوە.”