دوکاندارانی ژن لە ناوچەی سور دەستیان بە خەباتەکانیان کردەوە

ئامەد – دوکاندارانی ژن لە ناوچەی سوری سەر بە شاری ئامەدی باکوری کوردستان، دوای زیاتر لە ساڵێک دەستیان بە کاروخەباتەکانیان کردەوە.

بە هۆی هێرش و گەمارۆی سەربازی لە ناوچەی سوری شاری ئامەد وێڕای وێرانبوونی زۆربەی ماڵەکان، دوکان و کۆگاکانی هاوڵاتیانیش ڕووخێنراون. بەو هۆیەشەوە خاوەن دوکانەکان نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان، دوای زیاتر لە ساڵێک جارێکیتر ژنانی خاوەن دوکان گەڕانەوە سەر کاروخەباتەکانیان.

ژنان ئاماژەیان بەوەدا کە لە ناوچەکە هێشتا باری نائاسایی کۆتایی نەهاتوە، شارەوانی ناوچەکە لەلایەن حکومەتی ئاکەپە وە دەستی بەسەر داگیراوە، هەربۆیە دیار نیە کەی بڕیاری دوورخستنەوەیان لەسەر کارو خەباتەکانیان بدرێت.

یەکێک لەو خاوەن دوکانانە، گونێش یڵمازە، ناوبراو وتی: “زۆر جار داوای هاوکاریمان کردوە، بەڵام بەزۆر ئێمەیان ڕەوانەی ماڵەکانمان دەکردەوە. ڕۆژانە بڕێکی زۆر کەم قازانجمان هەیە.”

ئەو ژنە ئاماژەی بەوەشدا گەر بێت و دەستبگرن بەسەر دوکان و شوێنی کاروخەباتەکانیش دا بگرن، ئەوا ئەوان شوێنێکیتر دەدۆزنەوە، بەردەوام دەبن.

لە کۆتایشدا بانگەوازی هاوکاری و پشتیوانی لە ڕای گشتی کرد.