بە تابلۆکانی لەسەر دیوار شوێنەوارەکانی شەڕ دەسڕێتەوە

گوڕگوم-  ڕه‌حیمه‌ ئه‌سلۆ ئەو ژنەی لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی سوریا دووچاری  کۆچبەری بۆتەوە، ئێستا لە شاری گوڕگوم(مەڕاش)دەژیت و شوێنەواری شەڕ لەسەر دیوارەکان دەسڕێتەوە.

ئێستا خۆی و خێزانەکەی لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە دەژیت و هاوژینەکەی شوانکاری دەکات، خۆشی چونکە کارێکی دەستنەکەوتوە، هەستاوە بە دروستکردنی تابلۆ لەسەر دیوارەکان، ڕەحیمە ئاماژە بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو کارەی دەکات و دەڵێت: “سروشت و مرۆڤەکانم زۆر خۆش دەوێت.”

ڕه‌حیمه‌، له‌ ته‌مه‌نی چوارده‌ ساڵیدا هاوسه‌رگیری كردوه‌، له‌ ته‌مه‌نی پانزده‌ ساڵی دەبێتە دایک. ناوبراو ئاماژەی به‌وه‌دا كه‌ لەگه‌ڵ منداڵه‌كانی گه‌وره‌ بووه گرینگیشی به‌ خۆپه‌روه‌رده‌كردن داوه‌. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ شاری قامیشلۆ تەواو كردوه‌، هەریەک لە زمانەکانی كوردی، یۆنانی، عه‌ربی، ئینگلیزی و توركی ده‌زانێت.

ڕه‌حیمه‌، ئاماژه‌ی بەوەدا كه‌ له‌ شه‌ڕدا هه‌موو خێزانەكه‌ی له‌ده‌ست داوه‌ وتیشی: “ته‌نیا منداڵه‌كانم و هاوژینم ماوه‌ن جگەلە ئه‌وان كه‌سیترم نەماوە‌. سەرەتای هاتنمان بۆ ئێرە کارمان دەستنەدەکەوت، دەستم کرد بە کێشانی تابڵۆ لەسەر دیوارەکانی ماڵەوەم. هه‌وڵ ده‌ده‌م شوێنه‌واری شه‌ڕ پاک بكه‌مه‌وه‌ و خۆشه‌ویستی بئافرێنم، چونكه‌ مرۆڤ و سروشتم خۆش ده‌وێ.”